ئەحمەد سەفار: بە ‌پەسەندكردنی یاسای قەرز دوو موچە لە دوو هەفتەدا دابەشدەكرێت

27/10/2020 عێراق

نەوا
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەكاتی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای قەرزدا، حكومەت دەتوانێت لە دوو هەفتەدا، دوو موچە دابەش بكات.
ئەحمەد سەفار لەلێدوانێكدا رایگەیاند، دوای وردبینی بۆ پرۆژە یاسای كورتهێنان، كە 38 بەند لەخۆدەگرێت، دەكرێت هەندێك لە بڕگەكانی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دوابخرێن تا داواكاری قەرزی 41 تریلیۆن دینارەكەی حكومەت، كەمبكرێتەوە.
دەشڵێت: "لە كۆی بڕگەكانی پرۆژەیاساكەی حكومەت، حەوت بڕگەیان پەیوەستە بە موچەی فەرمانبەرانەوە، ئەوانیش موچەی خانەنشینان، قەرزاری سودی سەر قەرزەكان، دەرمان، تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، بەشەخۆراكی مانگانە، دەكرێت بەشێك لەقەرزەكان كەمبكرێنەوە و بخرێنە ناو پرۆژەیاسای 2021ەوە، بۆ ئەوەی بە زوترین كات كێشەی موچە چارەسەربكرێت و پرۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی تێپەڕێت.
هەروەها بڕیاردەری لیژنەی دارایی جەختدەكاتەوە، ئەگەر پارەی پێویست بۆ موچە دابینبكرێت، حكومەت ناچارە ئەو قەرزانەی بەهۆی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانەوە دروستبون، راستەوخۆ بیانداتەوە، بۆیە ئێستا هەلێك لەبەردەستی حكومەت هەیە لەگەڵ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای قەرز، لە هەفتەی یەكەمی مانگی داهاتو دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی (10) و لە هەفتەی دواتریش دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی (11)ی فەرمانبەران بكات، چونكە هیچ گرفتێك بۆ موچەی مانگەكانی داهاتو لەئارادا نامێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group