دابەشنەكردنی موچەی خانەنشینانی سەربازی ماڵجیایی هەردوو زۆنەكەی تۆخكردۆتەوە

20/04/2023

نەوا-
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێشتر بڵاویكردەوە، بەبڕیاری وەزیری دارایی و ئابوری دەوامی ئەو بانكانە ئاسایی دەبێت كە ئەركی دابەشكردنی موچەیان لە ئەستۆیە، بەڵام كێشە بۆ بەشێك لە موچەخۆرانی سەربازی لەنێوان هەردوو شاری سلێمانی و هەولێرو دهۆكدا دروستبوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی هەریەك لە میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویدەكەنەوە، یەكتری تۆمەتبار دەكەن بەراگرتنی موچەی خانەنشینانی یەكێتی لە هەولێرو دهۆك و لەسنوری فەرمانڕوایی یەكێتیش لە سلێمانی و سنورەكانی موچەی خانەنشینانی ئەیلول كە سەر بە پارتیە راگیراوە.


میدیاكانی یەكێتی و كەناڵەكانی راگەیاندنی سەر بەو حزبە رەتیانكردەوە كە لە سنوری سلێمانی موچەی خانەنشینانی سەربازی سەر بە پارتی راگیرابێت و دوو بەڵگەنامەی بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانیان بڵاوكردۆتەوە كە تەمویلی هەردوو بانكی چەمچەماڵ و رانیە دەكات بۆ دابەشكردنی ئەو موچانە، وەك خانەنشینانی سەربازی لەشاری هەولێریش دەیگێڕنەوە، چونەتە بانك بۆ وەرگرتنی موچەكانیان، بەڵام پێیانڕاگەیاندون كە موچەیان نادرێتێ، ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا نە حكومەتی هەرێم و نە هەردوو حزبی یەكێتی و پارتی هیچ رونكردنەوەیەكیان بڵاونەكردۆتەوە سەبارەت بە هۆكارەكانی ئەو كێشەیەو دابەشنەكردنی موچەی خانەنشینانی سەربازی لەهەرێم تایبەت بە دوو حزبی سەرەكیی، ماڵجیایی هەردوو زۆرنەكەی تۆخكردۆتەوە كە پێشتر دەگوترا هەرێم تەنها یەك زۆنە.  


ماوەیەكی زۆرە كێشە بۆ موچە خۆرانی سلێمانی دروست دەبێت بەهۆی نەبونی پارە لە بانكەكاندا، وەزارەتی دارایی و ئابوریش لەوبارەیەوە رایگەیاند، رێكەوتن لەسەر پشكی ( 57٪ ) و ( 43 ٪ ) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نیەو زۆر دژیەتی كە پێشتر بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت رێكەوتنی لەسەر كراوە، هەروەها، كێشەی كورتهێنان و كەمبونەوەی نەختینە لە بانكەكانی سلێمانی نوێ نیەو لەساڵی 2021 وە دەستیپێكردوە، كورتهێنانیش لە بانكەكانی سلێمانی گەیشتۆتە یەك ترلیۆن دینار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group