خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێشانگایەكی سێ مانگی دەكەنەوە

17/08/2019 هەمەڕەنگ

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر 
خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێشانگایەكی كاری دەستییان كردەوە و ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت.
گروپی بازاڕی گوڵ و گروپی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و توشبوانی تالاسیمیا، پێشانگایەكی هاوبەشی كاری دەستیی لە پاركی شانەدەر لە شاری هەولێر كردەوە.
لەوبارەیەوە سروە جەباری سەرپەرشتیاری پێشانگاكە بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمەڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێشانگاكەیان بۆ ئەو گەنجە خاوەن پێداویستییە تایبەتانە كردوەتەوە، كە كاریان دەست ناكەوێت، بۆیە دەمانەوێت لە رێگای كارە دەستییەكانیانەوە سەرچاوەی دارایی بۆ خۆیان دابین بكەن.


وتیشی "پێشانگاكە لە كۆمەڵێك كاری دەستی جۆراوجۆر پێكهاتوە، لە شێوەی كاری دارتاشی و سیرامیك و دورومانی".
هەروەها سروە جەباری باس لەوەدەكات، پێشانگاكە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت و هەموو رۆژانی پێنجشەممە و هەینییەك لە شوێنە جیاوازەكانی هەولێر دەكرێتەوە بە تایبەتی لە هەریەكە لە پاركی شانەدەر و پاركی سامی عەبدلڕەحمان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group