توێژینەوەیەك: مۆبایل دەبێتەهۆی برینی مەترسیدار لە "سەر"دا

08/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
مۆبایل چەند سودی بۆ پەیوەندی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە هەیە، ئەوەندەش مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەكات، وەك ئەوەی ئێستا توێژەران پێی گەیشتون و رەنگە برین لە سەر و بەشەكانی دیكەی جەستەدا دروستبكات.
توێژینەوە نوێیەكە لە رۆژنامەی "JAMA"ی تایبەت بە كاروباری پزیشكی بڵاوكراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، لە دوای ساڵی 2007-ەوە ژمارەی ئەوانەی توشی برین دەبن بەشێوەیەك زیادی كردوە، كە جێی نیگەرانییە.
بەگوێرەی توێژینەوەكە، هەندێك كەس ئالودەی بەكارهێنانی مۆبایل بون تەنانەت لەكاتی رۆیشتن بەسەر شەقامیشدا بەكاریدەهێنن، ئەو دۆخەش لە دوای ساڵی 2006ەوە هێواش هێواش بەرفراوان بوە، كە لەو كاتەوە مۆبایلی زیرەك زیاتر بڵاوبۆوە.
لەو نێوەندەدا بۆریس باسخوفەر پسپۆڕی نەشتەرگەریی سەر و مل لە كۆلێژی پزیشكیی "رۆتگەرز" لە نیوجێرسی ئەمریكا بەدواداچونی بۆ ئامارەكانی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن كردوە لەبارەی بریندارانی پەیوەندیدار بە مۆبایل لەنێوان ساڵانی 1998 و 2017 و دەركەوتوە دوو هەزار و 501 كەس بەهۆی مۆبایلەوە برینداربون، لەكاتێكدا 76 هەزار كەس لەو ماوەیەدا لە ئەمریكا توشی پێكان بون.
هەروەها ئەوەشی بۆ رونبۆتەوە، كە 40%ی ئەوانەی بەهۆی مۆبایلەوە برینداربون تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 29 ساڵە، كە كەسانی هەرزەكار و لاوان، زۆرینەی برینەكانیشیان قوڵن.
برینەكان دوو جۆرن، یان ئەوەتا مۆبایلەكە لە كاتی پاڵكەوتندا لە دەستی خاوەنەكەی دەكەوێت و دەموچاوی بریندار دەكات، یاخود ئەوەتا لەلایەن كەسێكی نزیكیەوە ئامێرەكەی پێداكێشراوە. جۆری دووەمیش ئەوەیە كەسەكە ئەوەندە ئالودەبوە، كە ئاگاداری خۆی و چواردەوری نەماوە و بەهۆیەوە توشی كەوتن یان بەركەوتن دەبێت و برینداردەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group