توشبوانی كۆرۆنا لە ئێران لە 30 هەزار كەس نزیكدەبێتەوە

26/03/2020 جیهان

نەوا
رێژەی توشبون بە كۆرۆنا لە ئێران لە 30 هەزار كەس نزیكدەبێتەوە، گیانلەدەستدانیش 2 هەزار و 200 كەسی تێپەڕاند، 30 كارمەندی بانكەكانی ئەو وڵاتەش بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارێكی نوێی لەبارەی قوربانییانی كۆرۆنا لە وڵاتەكە راگەیاند، لە 24 كاتژمێردا 157 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەوەش تا ئێستا 2 هەزار و 234 كەس بە كۆرۆنا مردون.
هەروەها 2 هەزار و 389 كەسی دیكە بونەتە هەڵگری ڤایرۆسەكە و لەئێستادا 29 هەزار و 406 كەس لە ئێران توشی كۆرۆنا بوون.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشكراشیكردووە، تا ئێستا پشكنینی سەرەتایی بۆ 50 ملیۆن و 821 هاووڵاتیی وڵاتەكە كراوە لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە.
لای خۆیەوە پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا 30 فەرمانبەری بانكەكانی ئێران گیانیانلەدەستداوە، كە لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانیاندا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group