پەرلەمانتارێكی كورد بۆ فەرمانبەرانی هەرێم: خۆم دانابو مژدەی ئەوەتان پێبدەم دوو موچە وەردەگرن

پێش 1 هەفتە

نەوا
پەرلەمانتارێكی كورد بە موچەخوارانی هەرێم دەڵێت "خۆم دانابو مژدەی ئەوەتان پێبدەم دوای ئەم قەدەغەی هاتوچۆیە دوو موچە وەرئەگرن و سەبرەكەتان بە زایە ناچێت"، دواتر نیگەرانی دەگەیەنێتە حكومەتی هەرێم و رایدەگەیەنێت، ئەوەی دەیكات بەهیچ پێوەرێك راست نییە.
د. رێبوار كەیم مەحمود پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە نوسێنێكدا لە پەیجی خۆی بەناونیشانی "خۆم بۆ چی حازر كردبوو" دەڵێت: "چەند رۆژێكە لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتم و ئاگادارم كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئیمزاكراوەو پێیان وتم بە ئەگەری زۆر ناوەراستی هەفتەی داهاتو دەخرێتە سەر حسابی هەرێم".
ئەوەشی وتووە، "منیش خۆم دانابو مژدەی ئەوەتان پێبدەم كە مادام حكومەتی هەرێم پێش یانزە رۆژ وتی (موچە حازرەو هەفتەی داهاتوش پارەیەكیتر لەبەغداوە دێت) كەواتە ئیتر دوای ئەم قەدەغەی هاتوچۆیە دوو موچە وەرئەگرن و سەبرەكەتان بە زایە ناچێت".
نیگەرانی خۆشی دەربڕیووە بەوەی، "حكومەتی هەرێم رێی ئەو مژدەیەی لێگرتم و وتی ئەو پارەیەی كە هەفتەی داهاتو لەبەغداوە دێت بۆ ئەو مووچەیەیە كە پێش دوو هەفتە وتم حازرە بەس حازر نەبو".
لە نوسینەكەدا د. رێبوار كەریم مەحمود پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق پرسیار ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات و دەڵێت: " برادەران: ئێوە تەنها یەك رۆژ پێش قەدەغەی هاتوچۆ وتتان موچە حازرە، كێشەكەمان ئەوەیە پشوەو دواتریش قەدەغەی هاتوچۆی هاتەسەر، ئێوە وتتان كێشەی موچە نیەو ئەگەر لیژنەی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا رەزامەند بێت ئەتوانین دابەشی بكەین، ئێوە هەر دوێنێ وتتان سەرقاڵی ئەوەین موچەكەتان پاك پاك بۆ بشۆین و بەرێگەی حەواڵە ماڵ بە ماڵ بەسەرتان دابەشی بكەین، ئەمانەی سەرەوە قسەی خۆتانەو لە میدیا ماوە، خەڵك بیری ماوەو هێشتا زووە وەك بابەتەكانیتر بیری بچێتەوە، بەڕاست ئەمشەو چی روویدا وا ئێستا ئەڵێن موچە نیەو چاوەرێی بەغدان!! خۆ پارەی بەغدا 15 رۆژ جارێ نایەت! ئەوەی كە بۆتان ناكرێت تكایە مەیڵێن، ئەوەی ئێوە ئەیكەن بەهیچ پێوەرێك راست نییە".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group