ئەمە ناڕەزایەتییە یان فەوزا؟!

هەژیر كەمال

06/06/2020

بەداخەوە ماوەیەكە سلێمانی بەدۆخێكی فەوزاو سەرلێشێواویدا گوزەردەكات، كە لەسایەیدا هەموو وەرەقەكان تێكەڵبوون؛ راستی و درۆ، زاڵم و مەزڵوم، تاوانبار و بێ تاوان، واقعی و ناواقعی، پیشەیی و ناپیشەیی، زانستی و نازانستی... هەمووی بەجۆرێ تێكەڵوپێكەڵبوون، كە ئەستەمە وێنەكە لەهەر گۆشەیەكی ئەم شارەوە بە رونی و وەك خۆی ببینی.
هەر روداوێ هەر دۆخێ دێتەپێشێ، لەم شارەدا بە چاك و خراپ، شارەزاو ناشارەزا، بە رۆشنبیرو عەوام، سیاسی و ناسیاسی، بە دونیابینی و مەرامی خۆی قسەو بەرخوردی لەگەڵ دەكات. لەم نێوەندەشدا ئەوەی دەبێت قسەی هەبێت و گوێی لێبگیرێت، ئارگوێمێنت و بەڵگەكانی لەنێو ئەو ژاوەژاو و فەوزایەدا دەخنكێت و وندەبێت.
لە پەیوەست بە پەتای كۆرۆنا و رێكارەكانی روبەڕوبونەوەی ئەم پەتایەدا، ئەو دیاردەیە زۆر بەزەقی دەبینین، كە چۆن ئەم بابەتە مانا راستەقینەكەی خۆی لەدەستداوەو تێكەڵاوی بابەتی تر كراوە.
خەڵك بێزارە، برسیە، بێموچەو بێ بژێویە و بەدەست بێدادی و گەندەڵی و خراپیی حكومڕانێتییەوە دەناڵێنێ، بەڵێ راستە. بەڵام ئەمە لەو راستیە كەمناكاتەوە كە پەتایەك هەیە و نەك ئێمە سەرتاپای جیهان پێوەی دەرگیرە و دەبێت خۆمانی لێبپارێزین نەك تێكهەڵكێشی بێنەوبەردە و مەرامی سیاسی دۆخی خراپی ئابوری بكرێت و هەروەها بیبەستینەوە بە تیۆری پیلانگێڕییەوە و بەدرۆی بزانین.
ئەوە وتمان پارتی و یەكێتی درۆئەكەن و بۆ مەرامی سیاسی ئەم بابەتە بەكاردەهێنن، ئەی ئەو پزیشك و پەرستارانەی رۆژ تا ئێوارە هاوار دەكەن: كە كۆرۆنا پەتایەكی هەقیقییە و كارەساتبارە. چ مەجبوریانە درۆ بكەن؟! لەكاتێكدا ئەوانیش وەك زۆرینەی كۆمەڵگا دەرگیری بێ موچەیی و بێ گوزەرانین و بەشێكی زۆریشیان لایەنداری هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتن؟!.
هەربۆیە، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا بەم جۆرە، كە لە بری سڵەمینەوە و جێبەجێكردنی رێنماییەكان خەریكی گردبونەوە و دروستكردنی حەشاماتبین و لەبەردەم كامێراكاندا لەڕێی كۆمەڵێ گوزارشت و دەربڕینی بازاڕیی جاهیلییەوە گاڵتە بە پەتاو رێكارەكانی روبەڕوبونەوەی پەتاكە بكەین، دەرئەنجام ئەشێ دڵی كۆمەڵێ پۆپۆلیست و لایەنی سیاسی پێ خۆشبكەین بەس دواجار چۆن خۆمان لە كارەسات و موسیبەتی ئەو دەردە قوتاردەكەین؟!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group