كاتێك برسیت بوو، پارچە نانێك لە نیشتمان پیرۆزترە

محەمەد فاتیح

16/06/2020
بەهۆی شكستە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتەكانی هەرێمی كوردستان، خەڵك بەناچاری چاویان بڕیوەتە سەر حكومەتی عێراق تاكو چارەسەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە، كە خۆیشی سەرتاپای غەرقی گەندەڵییە.
رێبوار كەریم مەحمود پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت: پڕۆژەیەكیان ئامادەیە بۆئەوەی موچەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێم بخەنە سەر بەغدا و هەمو فەرمانبەرێكی هەرێم لە ‌بەغداوە حسابی بانكی بۆ بكەینەوە و‌ لەوێوە پارەكەی بۆ بێتە سەر حسابی بانكی خۆی".
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق-یش پێیوایە، داواكردنی گواستنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەڕووی دەستوری و یاسایی و سیاسییەوە رایەكی باش نییە و حكومەتی هەرێم دەكاتە قتویەكی بۆش.
خۆ ئەگەر بەغدا خۆی ئەوەندە دادپەروەر و دەستپاك و سەر راست بوایە، رۆژی بە ئەم رۆژە نەدەگەیشت، بەڵكو ئەوان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گەندەڵتر و نالەبارترن، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمیش هەر وەكو قتویەكی بۆش وایە بۆ هاونیشتمانیانی و نەبونی لە بونی باشترە و تەنها بۆتە بارگرانی بەسەر شانمانەوە.
كۆچكردنی بەهەزاران هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان و گیانلەدەستدانیان لە رێگای غەریبی و ناهەمواریدا، دەكەوێتە ئەستۆی كێ؟ ئاخر ئەوان بۆچی نیشتمانیان لێبوە بە دۆزەخ و لەدەستی رادەكەن ؟ !
بێكاری گەنجەكانمان و پەنابردنیان بۆ سەر جادە و كۆڵانەكان و جگەرە و مادە بێهۆشكەرەكان، دەكەوێتە ئەستۆی كێ؟ نەبونی پارە و موچە و خراپی دۆخ و گوزەرانی هاونیشتمانیان و خۆكوشتنیان دەكەوێتە ئەستۆی كێ؟ بە گشتی هەموو ئەو نەهامەتی و بارگرانی و ناخۆشیانەی رویان لە هەرێمی كوردستان كردوە دەكەوێتە ئەستۆی كێ؟.
بێگومان دەكەوێتە سەر ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حزبەكان و پەرلەمانی كوردستان، كە هیچ رۆڵێكی ئەرێنیان لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان نەگێڕاوە، هەرگیز خەمیان لەوان نەخواردوە و تەنها بەرژەوەندی خۆیانیان لەبەرچاوگرتوە .
لەم رۆژانەدا رێكخراوی ئاشتی و ئازادی ئاشكرایكرد، بەپێی روپێویەك و بەدواداچونێكی تایبەت بە رەوشی كرێكاران بۆی دەركەوتوە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە رێژەی بێكاری نزیكەی 44% بەرزبۆتەوە.
هەمومان دەزانین ، كە نادادپەروەر ناتوانێت دادپەروەری بڵاوبكاتەوە، گەندەڵیش ناتوانێت گەندەڵی چارەسەربكات، بەرپرسەكانی بەغداش نادادپەروەر و گەندەڵیشن، سەرەڕای ئەوەی چاویان بە پێشكەوتنی كوردستان هەڵنایەت ، لەگەڵ ئەوەشدا مافی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستانە كە داوا دەكەن لەپێناو ئەوەی چیدی مافەكانیان زەوتنەكرێت و پێشێل نەكرێت، موچەكانیان لەلایان بەغداوە بدرێت، بەڵام ئێمە لەكاتی سەیرانكردنماندا سێ جار شوێنەكانمان دەگۆڕین تاكو شوێنێكی خۆشتر و باشتر و ئارامتر هەڵبژێرین، جا لەبەرئەوە لەجیاتی ئەوەی داوا لە نەیارانمان بكەین دەستێكی ناحەزانە لە ژیانمان وەربدەن، پێویستە بە گشتمانەوە هەوڵی ئەوەبدەین و تێبكۆشین، لەپێناو هێنانەدی ژیانێكی خۆشتر و باشتر و ئارامتر بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان.
هاونیشتمانانی هەرێمی كوردستان ، مافی خۆیانە كە داوا دەكەن ، موچەكانیان لەلایەن بەغداوە پێبدرێت، چونكە كاتێك كە برسیت دەبێت، نانێك لە نیشتمان پیرۆزترە!.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group