كۆیە

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

10/02/2021

شاری كۆیە یەكێكە لە شارە هەرە زیندوەكانی كوردستان. شوێنی پێگەیاندنی چەندین سیاسی و ئەدیب و شاعیری گەورەی وەكو (حاجی قادر و مەلای گەورە و دڵدار) بووە.
كۆیە ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا. هەروەها یەكێك بوە لەو شوێنانەی كە بزوێنەری شۆڕشەكانی كورد بووە. بەڵام لە جیاتی پاداشت، بایەخێكی ئەوتۆی پێنەدراوە.
ئێستا كۆیە پەراوێزخستنێكی زۆری پێوەدیارە؛ دەبوو زۆر لە ئێستا ئاوەدانتر بوایە. كۆیە لە دوای شەڕی ناوخۆ و جیابونەوەی زۆنی سەوز و زەرد، بووە قوربانی؛ لە ڕوی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام لە ڕوی سەربازی وسیاسی و كەلتوریەوە سەر بە پارێزگای سلێمانیە. ئەمە وایكردوە كە كۆیە لە نێوان دوو بەرداشدا بهاڕدرێت و ببێت بە یەكێك لە شارە پشتگوێخراوەكان.
ئەگەر ئەم دەڤەرە ببێت بە هەرێمێك. یەكێك لە چارەسەرەكان بۆ كۆیە ئەوەیە كە ڕاپرسی تێدابكرێت و ببێت بە بەشێك لەم هەرێمە، هاوكات لە چوارچێوەی ئەم هەرێمەدا بكرێت بە پارێزگایەك كە (تەقتەق و ئاشتی و سكتان و سێگردكان و شۆڕش) و تەنانەت (دوكان و خەلەكان) و هەندێك ناوچەی چواردەوری بخرێتەسەر.
كۆیە چەندین فاكتەری هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە یەكێك لە پارێزگا دەوڵەمەندەكان. 

١-كەرتەكانی نەوت، كشتوكاڵ، و پیشەسازی:
دەكرێت سود لە كێڵگە نەوتیەكانی شیواشۆك و تەقتەق وەربگیرێت، هەم لە شێوەی پەترۆدلاردا بۆ بوژاندنەوەی ئابوری كۆیە و تەقتەق و سنورەكە بە گشتی و پێشخستنی خزمەتگوزاری تێیدا، هەم سودی لێوەربگیرێت بۆ دروستكردنی پاڵاوگەی نەوت و كارگەی پەترۆكیمیایی، كە هەزارەها هەلی كار لە ناوچەكەدا دەڕەخسێنێت.
هەروەها پەترۆدۆلار بەكاربهێنرێتەوە بۆ دروستكردنی چەندین بەنداو و پرۆژەی ستراتیژی لە كۆیە و چواردەوری، كە دەتوانێت ئاو و كارەبای كۆیە دابین بكات و هاوكات لەو ڕێیەوە پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراك و گەشتوگوزار بدرێت.
٢-كەرتی گەشتوگوزار:
كۆیە سروشتێكی جوانی هەیە و بە شاخەكانی هەیبەت سوڵتان و باواجی دەورە دراوە. دەكرێت ئاوی حەمامۆك و چنارۆك و شاخی كۆسار و بەنداوی سماقوڵی بكرێن بە شوێنی گەشتیاری. 
كۆیە چەندین شوێنەواری دێرینی تێدایە وەكو قەڵای كۆیە (قشڵە) كە لە ساڵی  ١٨٧٠دا لە سەردەمی عوسمانیەكاندا دروستكراوە، وەكو قەڵایەكی سەربازی بۆ پارێزگاری لە كۆیە و چواردەوری.
دەبێت چوارتاقان و بازاری كۆیە و خانی مەحمود ئاغا و حەوشی گەورە و ماڵی مەلای گەورە (باوكی نوسەری گەورەی كورد، مەسعود محەمەد)، گوندی هەرمۆتە و مەزارگەی مەربێن قەدێشە، كە قەشەیەكی مەسیحیەكانی كۆیەیە لەگەڵ شوێنەوارانەكانی تری كۆیە نۆژەنبكرێنەوە لەسەر شێوازی كۆن. دوای پەرەدان بە شارەكە و چواردەوری، دەتوانرێت ڕیكلامی بۆ بكرێت و ساڵانە هەزارەها گەشتیار لە كوردستان و ناوچەكانی تری عێراقەوە ڕویتێبكەن.
بە كورتی، ئەگەر لە چوارچێوەی هەرێمی سلێمانیدا، كۆیە بكرێت بە پارێزگایەك و داهات و دەسەڵاتی پێبدرێت، دەتوانرێت بكرێت بە یەكێك لە پارێزگا دەوڵەمەند و نمونەییەكان.



 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group