کورد دەڵێ جام بشکێ، بەڵام نەزرینگێ! * ئەوەی ٨ تەمموز روی دا، رێک وەک ھەڵبژاردنە مەحەلییەکانی پێش کۆنگرەی سێی یەکێتیی بوو، تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفای پەڕوباڵ کرد و چاوەڕێ بوو دوای ئەوە وەکو تەیرێکی مەعقولی دەستەمۆ لەناو یەکێتیدا بەردەوام بێت. * جامەکەی نەوشیروان مستەفاش زرینگا. * ھەمووی چوار ساڵی نەبرد، لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ تەپڵی بە یەکێتیی ناو یەکێتی لێدا و نەک جام، دەرگا و پەنجەرەی بە یەکێتییەوە نەھێشت. ئەوجا نۆرەی ئەو بوو کە تێکڕای یەکێتی بکاتە تەیرێکی مەعقول! * ئەوەی روی داوە کودتایەکە کە دەبوایە رۆژێک یەکێک لە ھاوسەرۆکەکان بەسەر ئەوی دیکەدا ھەر بیکات. کوڕەکانی تاڵەبانی پێگەی خۆیان لە ھەولێر بەکار ھێنا و دەسەڵاتیان بردەوە ناو بازنەی بچوکی خێزانی. * لە ھیچ شوێنێک ئەگەر باوک میراتگرێکی ھەبێ، رێگەی نەداوە ئامۆزاکەی لەسەر ئەو میراتە دانیشێت! * کوڕەکانی تاڵەبانی ئێستا سەرکەوتوون، بەڵام پێناچێ ئەوە درێژخایەن بێت. بە لابردنی (ھاو) کەس نەبووە بە (سەرۆک) چونکە بەو (ھاو)ەوە سەرۆک بوو! * ھا لێرە بەدواوەش چی پۆخڵەواتی جیھازی ئەمنی سلێمانییە ئیتر دەبێ لە ئەستۆی بگرن و کەس ناتوانێ خۆی لە قاچاغی و سەرانەستاندن بێبەری بکات. * ئەوی کراوە لە کورت ماوەدا، رەنگبێ بە دڵی پارتیش بێت، بەڵام نەوشیروانەکەی ناو یەکێتی زۆر لە نەوشیروانەکەی سەر گردەکە بۆ پارتی باشتر بوو. بە ھەموو لایەک نەوشیروانێکی کەللە رەق و سیاسییەکی تاڵەبانی ئاساتان لە خۆتان قیت کردەوە. * لێرە بەدواوە رەنگبێ (من)لەناو یەکێتیدا جێم ببێتەوە، بەڵام پێناچێ جێی لاھوری شێخ جەنگی ببێتەوە.