خوێندن وبازاڕی کــــــــار

سەرکۆ یونس

04/09/2021


وڵاتانی تازەپێگەشتوو، کەلەهەوڵی پەرەپێداندان چەندین گرفت وبەربەست و کێشەی گەورەیان لەبەردەمدایە، بەگشتی و نەگونجاندنی دەستی کارو بازاڕی کار گرنگتریانە.

گومانی تێدا نیە، ئەگەر بەقەبارەی زانکۆوپەیمانگاکانمان، کارگەو کارخانەی بەرهەمهێنانمان هەبێت، ئەوا ئابوری هەرێم لەم چەقبەستویی و ئاستە نزمەیدا نامێنێتەوە، دەچێتە قۆناغی گەشەسەندن وبوژانەوە.

بوونی زانکۆو پەیمانگاکان، لەهەر کۆمەڵگاو وڵاتێکدا، نیشانەی بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیری وفەرهەنگ و خوێندەواری ئەو کۆمەڵگا دێت.
بەڵام ئەوەی کێشەکەی قووڵکردوەتەوە نەبوونی هاوئاهەنگی یە لەنێوان کەرتی خوێندن و بازاڕی کاردا.
لەهەرێمدا کوڕان و کچان دوو ساڵ یان چوارساڵ لەبوارێکدا دەخوێنن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەم پسپۆڕیانە لەبازاڕی کاری هەرێمدا پێویست بێت یان نا ؟

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، بەتایبەت لەدوای ساڵی 2014 ەوە، بەسەدان کوڕوکچ، لەزانکۆوپەیمانگاکان بڕوانامەیان بەدەستهێناوە وئامادەن بۆ کارکردن. بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کێشەکانی هەرێم و بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی کۆرۆنا و دەیان کێشەوقەیرانی تر، حکومەتی هەرێم، نەیتوانیوە دەرفەتی کار برەخسێنێت لەکەرتی گشتی دا،  هەرچی کەرتی تایبەتییشە، جگە لەهەندێ کۆمپانیای گەورە، ئەوانی تر نەبوونەتە سەرچاوەی بەدەستهێنانی هەلی کار بۆ خاوەن بڕوانامەکانمان.

بەپێ ی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وتوێژینەوەی زانستی، ساڵانە نزیکەی (25 بۆ 30) هەزار دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان لەهەرێمدا ئامادەن بۆ کارکردن و دەخرێنە بازاڕی کارەوە، بێگومان ئەم ژمارەیە گەورەیەو ساڵ لەدوای ساڵ، قەبارەی دەرچووان لەهەڵکشاندایە.

گونجانی دەرچوانی زانکۆکان لەپسپۆرییەکان لەگەڵ بازاڕی کاری هەرێمدا، ئاسمان و ڕێسمانی جیاوازە، بەدەیان بەش و کۆلێژی ناپێویست لەزانکۆکانی هەرێمدا هەن، بەبێ ئەوەی دەرچوانی ئەم بەشانە هیچ گونجانێکیان هەبێت لەگەڵ بازاڕی کاردا، وەک بەشەکانی زانستەمرۆڤاییەتیەکانی مێژوو وجوگرافیا و پەیمانگاتەکنیکییەکان جگەلەبەشە زانستیەتەندروستییەکان.

یەكێک لەگرفتەکان، نەبوونی تەنسیقە لەنێوان وەزارەت ودامودەزگاکانی حکومەتدا بەگشتی و وەزارەتی پلاندانان وکار خوێندنی باڵاو پەروەردە بەتایبەتی. پێویستە ساڵانە یان چوار ساڵێک جارێک وەزارەتی پلاندانان وکار بەتوێژینەوەی زانستی ئاگاداری وەزارەتی خوێندنی باڵا بکاتەوە کەچی پسپۆڕییەک بۆ واقعی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێم، گونجاوە.

چەندین جار، بەرپرسانی حکومی ئاشکرایان کردووە کە حکومەت، ناتوانێت دەرفەتی کار برەخسێنێت لەدامودەزگاکانیاندا، دامەزراندن لەکەرتی گشتیدا وەستاوە و حکومەت پێویستی بە ڕاژەی زیاتر نی یە، چونکە هەڵاوسانێکی لەڕادەبەدەری فەرمانبەرانی هەیە و نزیکەی (640) هەزار فەرمانبەری هەیە، بەرهەمداری نیوەی ئەم ژمارەیە نزیکە لەسفرەوە، ئەمە سەرەڕای دەیان بندیوارو فەرمانبەری وەهمی لەچاوەڕوانی جێ بەجێکردنی بڕگەوماددەکانی یاسای چاکسازیدا هێشتا یەکلانەبوونەتەوە.

ساڵانە، زیاتر لە(100)هەزار خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکانی وزاری دەکەن، لەم ڕێژەیە تەنها (3000) خوێندکاری پیشەیی تێدایە لە(پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتوگوزار) ئەمەش گرفتەکە گەورەتر دەکات، چونکە بازاڕی کاری هەرێم، پێویستی بەدەستی کاری پیشەیی یە.

لەلایەکی ترەوە، خراپی کواڵیتی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێم، لەم چەند ساڵەی دوایدا، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو وکێشەیەکی سەرەکییە لەبەردەم کەرتی تایبەتدا، هەربۆیە زۆربەی جار لەناچاریدا کۆمپانیاکان دەستی کاری شارەزا لەدەرەوە هاوردە دەکەن، ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەرفەتەکانی هەلی کار و سەرئەنجام ڕێژەی بێکاری زیاتر دەکات.

لەکۆتایدا، پێمان وایە پێویستە حکومەتی هەرێم، ئەو بەش و کۆلێژانەی کەڕاستەوخۆ دەرچووەکانیان بێکار دەبن و هیچ دەرفەتێکیان نی یە لەبازاری کاردا، دابخرێن، چی تر بەدەستی خۆمان نەبینە سەرچاوەی سەرهەڵدانی دیاردەی بێکاری.
هەروەها، زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم سەرەرای ئاستەنگەکان، گرنگی زیاتر بدرێت بە خوێندنی پیشەیی و پرۆگرامی نوێ و زانستی وواقعی بۆ ئەم بەشانە ئامادە بکات و هانی خوێندکاران   بدرێن ڕوو لەخوێندنی پیشەیی بکەن.

*ئابووریناس

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group