یەكێتی و گۆڕان، خولانەوە لەبازنەیەكی بەتاڵ

سەرتیپ جەوهەر

24/05/2018

بەر لە نەخۆشكەوتنی بەماوەیەك، ژمارەیەك كادری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا-مان كرد، گفتوگۆی زۆر لەبارەی پێویستی تێكەڵاوبونەوەی یەكێتی و گۆڕان كرا، ئەوەی گرنگ بوو من باسمكرد، وتم سێ‌ هەنگاوی گرنگ هەیە، ئەگەر هەردوولا (یەكێتی و گۆڕان) نەینێن، نە سنوری سلێمانی یان زۆنی سەوز ئارام دەبێت لەڕوی سیاسی و ئاوەدانییەوە، نە ئەو دوو حزبە دەتوانن لەبەرامبەر نەیارانیان بوەستنەوە! ئێستاش هەمان بۆچونم هەیەو دەكرێت قسەی زۆرو كاری جدی لەسەر بكرێت، ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: یەكگرتنەوە یان تێكەڵبونەوەی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە هیچ دەریچەیەك لەبەردەم هەردوولادا نییە، تێكەڵبونەوە بەمانای بونەوە یەك ماڵ، چونكە ئاراستەی تێگەیشتنی بنكەی جەماوەری هەردوولا زۆر نزیكە لە یەكتر، بۆیە هەركاتێك دەنگی یەكێتی كەمی كردبێت، ئەوا بۆ گۆڕان چووە، ئەگەر دەنگی گۆڕانیش لە هەڵبژاردن كەمی كردبێت، ئەوا بۆ یەكێتی چووە.
دووەم: دابینكردنی ئابوریی سەربەخۆ بۆ سنوری سلێمانی و كەركوك، واتە سنوری سەوز بەشێوەیەكی گشتیی بەكەركوكیشەوە، خاوەنی سەرچاوەی دارایی و ئابوریی خۆی بێت، چونكە پارتی لەوەتەی 1992 بەردەوام سەرچاوەی دارایی كوردستانی بەدەستەوە بووە، تا 2003 ئیبراهیم خەلیل شادەماریی پارەداركردنی حكومەت و حزب بوو، دواتریش لەدوای 2006 پرسی نەوت و هەناردەكردنی لەژێر كۆنترۆڵ و هەژمونی پارتیدابووە تائێستا، چ وەك سامانی سروشتیی بەدەست پارتییەوە بووە، چ ئەو بۆرییەی نەوتەكەی پێ‌ هەناردە دەكرێت لەژێر كۆنترۆڵی پارتی و توركیادا بووە، ئەمە وایكردووە هەمیشە پارتی لەڕێی كۆنترۆڵكردنی ئابوری كوردستان هەژمونێكی گەورەی بەسەر حوكمڕانیی بەگشتی و بڕیاری خەڵكی كوردستانەوە هەبێت، بۆیە پێویستە یەكێتی و گۆڕان بیر لەدابینكردن یان دابەشكردنی ئابوریی و سەرچاوەی دارایی كوردستان بكەنەوە.
سێیەم: چاككردنی ئیدارەی سنوری زۆنی سەوز، واتە هەم باشتركردنی شێوەی كاركردنی ئیدارەی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی، هاوكات گۆڕینی بەڕێوبەر و كاربەدەستانی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی.
ئەگەر یەكێتی و گۆڕان بتوانن ئەو سێ‌ خاڵەی سەرەوە جێبەجێبكەن، بەدڵنیاییەوە ئەو لاسەنگییەی لەهاوكێشەی سیاسیی كوردستاندا هەیە، هاوسەنگی بكەن، دوای ئەو هەنگاوانەش، دەتوانن كۆتایی بەهەژمونی پارتی بهێنن بەسەر حوكمڕانی و بڕیاری خەڵكی كوردستان كە بەهۆی ئەو سیاسەتەی پارتییەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هەم بارودۆخی ئابوریی كوردستان بەتەواوی شێوا، هەمیش پرسی قەومی كورد بۆ دەیان ساڵ گەڕایەوە دواوە و زیانێكی گەورەی بەركەوت!
خولاسەی كەلام ئەو ململانێیەی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی، لەبازنەیەكی داخراودا دەخولێتەوە، جگە لە لاوازبونی بەرەی "دژە كۆنەپارێز"یی و تێكچونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەو سستبونی ئاوەدانكردنەوە، شتێكی دیكەی لێ‌ شین نەبووە!
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەدوایین هاتنەوەی و ئیمزاكردنی رێككەوتنی دەباشان لە 2016 لەوە تێگەیشتبو كە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە یەكێتی و گۆڕان نەبنەوە (یەك)، بەڵام مەخابن هەم گروپێك لەناو یەكێتی و گۆڕان گرفتیان دروستكرد، هەمیش تەمەنی رێی پێنەدا ئەو هەنگاوە تەواو بكات.
ئێستا، هەم گۆڕان و هەم یەكێتی لەبارودۆخێكی ناسەقامگیری ناوخۆدان، یەكێتی هیچ چارەیەكی لەبەردەمدا نییە جگە لە كۆنگرە، ناتوانێت بەمشێوەیە بەردەوام بێت، گۆڕانیش كەس ئیرەیی پێنابات، كەوایە پێویستدەكات لەخوارەوە بۆ سەرەوە گوشار دروستبكرێت تاوەكو سەركردایەتی هەردوولا ناچار بەدوبارە ژیاندنەوەو جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشان بكرێن، چونكە هیچ چارەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە! ئەگەر ئەوە نەكەن، بەدڵنیاییەوە جگە لەخولانەوە لەبازنەیەكی بەتاڵ، ئەوەندەی دیكە هەژمونی لایەنێكی دیاریكراو زاڵ دەبێت بەسەر بڕیارو حوكمڕانی كوردستان و سەرەنجام سیاسەت و هەژمونی ئەو لایەنە، ئەوەندەی دیكە كوردستان وێران دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group