بۆ خەڵكی بەسڕە لە ئێرانیش توڕەن؟

خالد سلێمان

08/09/2018
یەكێك لە گرفتە بنەڕەتیەكانی پارێزگای بەسڕە، بەوپێیەی دەكەوێتە دواخاڵی باشوری عیراقەوە، سوێربونی ئاوەكەیەتی بەڕادەیەك تەنانەت خاك و ڕوەكیش دەسوتێنێت.
زیادبونی ئەو خوێیە لەم ساڵانەی دواییدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرنەدانەوەی ئاوی پێویست لەلایەن توركیاو ئێرانەوە لە روبارەكانی دیجلەو فورات و كارۆن و كەرخە. كە ئاو لەو روبارانەدا كەم دەبێت، ئاوی قورس و سوێر لە شەتولعەرەب-ەوە سەردەكەوێت و هەرچی سەرچاوەكانی تری ئاو هەیە سوێری دەكات، چونكە ئەوە هێزی روبارەكانە پاڵ بەو خوێیەوە دەنێت و ناهێڵێت سەربكەوێت.
ئێران لە دوو روەوە رۆڵی لەبەرزبونەوەی رێژەی خوێ لە ئاوی شەتولعەرەبدا هەیە: یەكەمیان ئەوەیە كە لە رێگەی بەنداوی زۆرەوە رێگەی لە روباری كارۆن گرتەوەو ناڕژێتە ناو شەتولعەرەب، بەو هۆیەشەوە زمانە ئاوێكی سوێر سەردەكەوێت. دووەمیان ئەوەیە كە ئێران لە نزیك ناحیەی (سیبە) لە باشوری بەسڕە، ئاوی (بەزل) واتە ئەو ئاوەی لە ئاودێری دەمێنێتەوە Surface draining /External draining  فڕێدەداتە ناو شەتولعەرەبەوە. ئەو ئاوەش قورس و سوێرە، چونكە ئاوی بۆماوەی ئاودێرییە لەسەر (توربە) یان لە ژێرەوەی ماوەتەوە و دەبێ روەكی لێ رزگار بكرێت، ئێرانیش وەك دیاریەكی ژەهراوی بۆ عیراقیەكانی دەنێرێت.
ئەمڕۆ لەگەڵ هەر كەسێكی خەڵكی بەسڕەدا قسە بكەیت، یەكسەر باسی ئەو كارەساتە ژینگەییەت بۆ دەكات كە ئێران رۆڵێكی خراپ و نێگەتیڤی تیا هەیە لە بەسڕە.
ژمارەیەكی بەرچاوی دانیشتوانی ناحیەی سیبە لەبەر ئەو كارەساتە ژینگەییەی توشیان بوە، شوێنەكەی خۆیان بەجێدەهێڵن و بەرەو شوێنەكانی تر رەودەكەن.
هەڵبەتە هۆكارێكی تری سەرەكی بەرزبونەوەی رێژەی خۆی لە ئاوی بەسڕەدا، بەهۆی سیاسەتی توركیاوەیە، چونكە ئەو ئاوەی لە دیجلە و فوراتەوە بەری دەداتەوە، جگە لەوەی كەمە، ئاوێكی قورسە و تا دەگاتە بەسڕە زیاتر قورس دەبێتەوە و خوێیاوی دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group