‌ کوردستانێکی لاواز

خالد سلێمان

28/09/2018
لە ساڵی ٢٠١٣ بە دواوە خۆری هەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئابووری و سیاسەتی ناوخۆییەوە دادەکشێت. تاکە شتێک لە دوای هاوینی (٢٠١٤)وە هەرێمی وەک خاڵێکی هێز لە عێراقدا ڕاگرت ئەو هەموو ژمارە زۆرەی ئاوارەکانی موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار، هەروەها پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بو. ڕاستییەک هەیە ئەبێ بووترێت و کەسیش شەرم لە ڕاگەیاندنی نەکات، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆژی ٨/٨/٢٠١٤ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا هەولێر لە هەڕەشەی داعش و کەوتن دوردەخەنەوە. لە دوای ئەو بەروارەوە هەرێم دەبێتە چەقی سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا. لەناو ئەو دۆخە تراژیدیەی کە ڕێکخراوەکەی بەغدادی دروستی دەکات و پەشۆکانی حوکمڕانانی شیعە، کوردستان دەبێتە ناوەندێکی تری عێراق، بەڵام بێئەوەی ببێتە هێزێکی سیاسی و ئابوری وەها بەغدا بترسێنێت. 

لەو ڕۆژەوەی بەغدا کەوتەوە خۆی و پێشتریش نەجەف بە فەتوایەکی ئاینیی عەباو عەمامەی حەشدی بەبەر حوکم و سیاسەتی شیعەدا کرد، ئیدارەی حوکم لە هەرێمی کوردستان کە لە بنەڕەتدا بەدەست پارتیەوە بو، کۆتایی بە دو شەراکەت هێنا: یەکەمیان لە خودی هەرێمەکدا کە پارتی پەرلەمان دادەخات و گۆڕان لە هەولێر دەردەکات. دوەمیشیان کۆتایهێنانە بەشەراکەت لەگەڵ بەغداو لە هەمو بۆنەیەکدا کارتی ڕیفراندۆم دەکرێتە گالیسکەو دەخرێتە پێش ئەسپی سیاسەتەوە. لەو ڕۆژەوەش کە سوپای عێراقی بۆ حەشد دەبێتە ئەسپی تەروادە، تا ڕۆژێ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بەغدا وەک (سەبەبکار) و ڕەگوڕیشەی گرفت و قەیرانەکان وێنادەکرێت و هیچ هیوایەک نامێنێت بۆ شەراکەت. ڕۆژی ٢٢/٩/٢٠١٧، واتە دوڕۆژ پێش ئەنجامدانی دەنگدان، بارزانی ئەڵێت: گەشتوینەتە ئەو بڕوایەی تەنیا سەربەخۆیی دەتوانێت ئێمە لەو کارەساتانەی ڕابردو بپارێزێت، پێویستە بەغدا ئەوە بزانێت کە شەراکەت کۆتایی پێهاتووە.» 

دوای تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر ڕێفراندۆم و ئەو قسەیەدا، کوردستان زۆر لەوە لاوازترە کە ساڵانی پێشو مەزەندە دەکرا. ئەمجارەشیان لاوازیەکە تەنها ئابوری نیە، بەڵکو بەپلەی یەکەم سیاسیەو واش دەردەکەوێت کە ئیتر هەولێر ڕاهێنان لەسەر ڕاکردن بەرەو بەغدا دەکات. دەرکەوت کە کۆتایهێنان بەشەراکەت لەگەڵ بەغدا، هەورێکی بێباران بو، نیەت ڕاستیی لە کۆتاییهێنان لەوەی کوردستان بو. ئاماژەکانی ململانێی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، لایتی سیاسی بەچەند ڕێگەیەکدا هەڵدەکەن و لە ڕێگەی زۆر کەسیشدا دەیکوژێننەوە: گەڕاندنەوەی نەجمەدین کەریم بەهەر نرخێک بێت هەڵکردنی لایتی پارتی دەوێت، بەتایبەتیش بۆ کەرکوک؛ ئەمەیان کەمێک لە نوکتەی سیاسی دەچێت. ڕێگەی بەرهەم ساڵح-یش بەرەو کۆشکی سەلام، کوژاندنەوەی لایتی دەوێت، چونکە پارتی سەرۆکێکی دەوێت، بە مۆڵەتی ئەو لە «جادرییە» بێتە دەرەوە. لەلایەکی تریشەوە کاندیدکردنی کوردێکی شیعە مەزهەبی وەک فوئاد حسێن، لایتی ڕوەو نەجەف و تارانن.

بەرامبەر پێکهێنانی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی شیعە، لە نێوان بەرەی سەدر- عەبادی و عامری-مالکیدا، کورد منجە منجی سیاسی دەکرد، چونکە ئەوەیان پەیوەندی هەبو بە بەشی شیعەوە لە کێکی حوکم– بەبێ لە بیرکردنی ئامۆژگاریەکانی قاسم سلێمانی-، بەڵام کە مەسەلەکە دێتە سەری بەشی کورد خۆی، منجە منج نامێنێت و هەمو شتێک ڕونە: یان یاریزانی سەرەکی ئەبم یان تێکی ئەدەم. ئیتر لێرەوە هەمو ڕێگاکان دەچنەوە سەر بەغدا کە لە نێوان شارەکانی هەرێم و کەرکوکدا خاڵی گومرک دادەنێت. ئەمەی دوایش- گومرک- خاڵێکی تری لاوازیەکەی کوردستانە.

بە کورتییەکەی، لەناو ئەم دیمەنە سیاسیەدا کە سوتاندنی دەبابەیەک تیادا دەبێتە ڕێکلام بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پەرلەمانی نوێ و کۆشکی سەلام جێگەی کوردستانێکی بەهێز دەگرێتەوە، هەرێم وەک پڵنگێکی زەمەنی قات و قڕی دەردەکەوێت کە برسێتی و تینوێتی هێزی لەبەربڕیوەو توانای ڕاوی نەماوە. هەرێمێک ساڵێک پیش ئێستا تەڵاقێکی سیاسی ڕاگەیاندو ئەمڕۆش داوای «عەقدێکی» نوێی هاوبەشیی دەکات، ئەمەش لاوازترین کارتی سیاسەتە، دوای ئەوەی هەمو کارتەکانی تر سوتێنران، لەوانەش کارتەکەی وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا تێلەرسن. هێشتا کارتی تریش ماوە بۆ سوتاندن، کوردیش «ئەمینترین» دەستی هەیە بۆ هەڵگرتنی ئەو جۆرە کارتانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group