حكومەت و پەرلەمان چی دەكەن بۆ خانەنشینی كەرتی تایبەت؟

ئاسۆ عەبدوللەتیف

22/11/2018

فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەعریفی و دینی ئێمە ئەوەندە بە حزبی و ئایدۆلۆژیی كراوە بە ئاستەم دەتوانیت دەستكاریی بكەیت، فەزاكە تا بڵێیت ئاڵۆزو پڕكێشمە كێشە، بەتایبەت یاسا شارستانیەكان و یاسای سزادانی عیراقی و مافی خانەنشینكردن، دوای چوار خولی پەرلەمان و دەرچواندنی ئەو هەموو یاسایە، هێشتا یاساكۆنەكانی عیراق بەشێكیان لەناو فەزای ئێمەدا كاراییان هەیە.

ئەم فەزایە پێش ئەوەی وەك شاخی لێبێت دەبێت دەستكاریی بكرێت، دەستكاریەكە دەبێت لای خۆمانەوە بێت، فەرهاد بۆ شیرین چۆن لە شاخێكی بەردەڵانی رەق و وشكی وەك بێستووندا رەنجی فەرهادیانەی بەخشی و دەیان نیگارو نەخش و فەنتازیای بەردین و پەیكەریی هونەریی دروست كرد، دەبێت ئێمەش بەو ئیرادەیەوە بەردەوامی بدەین بە دەستكاریی ریشەیی و جەوهەریی یاسا كلاسیكییەكان و نەریتە باوەكانی رابردو.

قسەیەك هەیە دەڵێت گەر دەتەوێت پارەو سامانی وڵات بەهەدەرنەچێت ئەوا پارێزگاریی لە دەرماڵەو یاسای خانەنشینی بكە، خراپترین بەهەدەردان لەم وڵاتەی ئێمە بەهەدەردانە لە رێگەی موچەوە، نەبوونی یاسایەكی بەهێزی خانەنشینی بەشێكە لە سیستمی موچەی ناڕێك، ئەگەر موچە رێك بدرێت خانەنشینی كارێكی ئاسانە، موچە بەرانبەرە بە ئەرك، خانەنشینی بەرانبەرە بە خزمەت و ئەركی رابردوو، خانەنشینی وەك نوكتەو كۆمیدیای لێهاتووە لەم هەرێمەو لەلایەك ئەوەی پێویستی نییە بەدەر لە رێنماییەكان و یاساكان بە پلەی باڵا و بڕێك پارەی كاش و چەند ساڵێك فەرمانبەریی خانەنشین دەكرێت، بەشێك لەمانە رەهەندی شایستەبوونی داراییان ئەسڵەن نییە، هەندێك كەس هیچ راژەو فەرمانگەو دامەزراوەیەكیان نەدیوە ئێستا بە پلەی زۆر باش خانەنشینن، لەولاشەوە هەزاران كارمەند كە شایستەی ئەو موچەیەن بێ ماف و بێ جێ ماونەتەوە، لەكاتێكدا خانەنشینی مافێكی سەرەتایی و موچەیەكە بۆ پیری و كەنەفتی و یاسایەكە بۆ قوربانیان و كۆچكردوان و ئەوانەی لە تەمەنێكی كەمدا كۆچی دوایی دەكەن و  چەترێك نییە میراتگر و منداڵی بەجێماو بپارێزێت لە برسێتی و بێ پارەیی و رەجاڵی.

"خانەنشینی" زاراوەیەكە وەك چەمك بریتییە لە مافێكی دەستەبەركراوی شەرعی و یاسایی هەر فەرمانبەر و كارمەند و كرێكار و كارگوزارێكی حكومی یان ناحكومی، ئیتر دەوڵەمەند و هەژار و پادشا و گەدا و خێڵەكی و كۆچەریی و ئۆرستۆكراتی شار جیاناكاتەوە لەیەكدی، كاتێك ساڵەكانی راژەی كاركردنی تۆ لە فەرمانگەیەك كۆتایی پێ دێت، دەبێت خانەنشین بیت، بە كورتی بەرهەمی پایزی عومری خۆتە، ئەمەش بەپێی پراكتیك و سیستمی هاوبەشیكردنی سندوقی ساڵانەی خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی دیاری دەكرێت، دیارە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، وەك پرۆژە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2018، یاسای سندوقی خانەنشینی پارێزەرایەتی ژمارە 17 و 18ی ساڵی 1999 و چەند پرۆژە یاسایەكی هەمواركراوی تر، ئەگەر ئەم یاسایە بە نمونە وەربگرین دەكرێت بۆ كەرتی تایبەتیش سوودی هەبێت، "پارێزەر" كارمەندی حكومەت نییە، بەڵام چونكە لە سەندیكای پارێزەران ئەندامە و بە چەند رۆتینێكی پارەدان و ئابونەی مانگانە و ساڵانە راستەوخۆ دوای 15 ساڵ بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین دەكرێت بە رێژەیەكی موچەكەی،  كەواتە پێویستە یاسایەكی واش هەبێت بۆ ئەو كارمەندانەی لە كەرتە تایبەتەكان و كۆمپانیا ئەهلیەكان ساڵەهای ساڵە كاردەكەن و هێواش هێواش گەڵای سەوزی عومریان زەرد دەبێت و یاسایەك نییە پارێزگارییان لێ بكات، تەنانەت گرێبەستی كاركردن و ئەو بڕە پارەیەش كە مانگانە كارمەندانی هەندێ كۆمپانیای ئەهلی دەیدەنە فەرمانگەی زەمان "بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران" كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە و دوای 30 ساڵ هێشتا روون نییە خانەنشین دەبن یان نا؟

ساڵی 2018 لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك هەموار كرا و دەنگی لەسەر دراو دواتر گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان و هێشتا یاساكە هەڵپەسێردراوەو كاری پێناكرێت، بەداخەوە نەیانتوانی كەرتی تایبەت جێبكەنەوە لەم یاسایەدا "یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان لە هەرێمی كوردستان/عیراق"، كەواتە پێویستە ساڵی 2019 كاتێك هەمواری ئەم یاسایە دەكرێت و دەبێتە یاسای كارپێكراو پاشان لە وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە، بیر لەوە بكرێتەوە كارمەندانی كۆمپانیاو كەرتی تایبەتی بۆ زیاد بكرێت، ئەگەرچی پێویستە لەم بارەیەوە جوڵە و فشارێك دەست پێبكرێت لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی كەرتی تایبەتەوە بۆ ئەم مەبەستە و ئەوەندە خەمسارد نەبن لە ئاست مافی كارمەندەكانیان؟
لە فەسڵی یەكەمی یاساكەدا، ئامانجەكانی دەركردنی یاساكە و چوارچێوەی پیادەكردنی، لە مادەی یەكەمدا چوار خاڵ ئاماژەی بۆكراوە، خاڵی چوارەمی مادەكە دەكرێت لە خولی نوێی پەرلەماندا هەموار بكرێتەوە كە دەڵێت: "رێكخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان لەسەر بنەمای گەیشتن بە تەمەنی یاسایی دیاریكراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت".
ئەم خاڵی چوارەمە هەمواربكرێتەوە یان پێویستە خاڵی پێنجەمی بۆ زیادبكرێت بۆ كۆمپانیاو كارگە ئەهلییەكان، كە هەم تەمەنی كاركردن لە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بۆ 20 ساڵ درێژبۆتەوەو ناكرێت وەلابخرێت، هەم ژمارەی كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەت زیادیكردوە، بۆ ئەم مەبەستە حكومەت لە دوو رەهەندی جیاوازی ستراتیجیەوە سود لەم خاڵە وەردەگرێت و هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ حوكمڕانی داهاتوو:
یەكەم/ دامەزراندن لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت وەك یەك خواستی لەسەر دەبێت و بەمەش فشارەكان و ناڕەزایەتییەكان لەسەر حكومەت كەم دەكرێتەوە و بوار دەڕەخسێت دەرچوانی پەیمانگا و زانكۆكان ناوەندە پیشەییەكان بەیەكسانی لە دەرگای حكومەت و كۆمپانیاكان بدەن بۆ دامەزراندن، چونكە داهاتویان مسۆگەرە و یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
دووەم/ گرنگیدانی حكومەت بە كەرتی تایبەت لەرووی خانەنشینیەوە وادەكات سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان باشتر پەیوەست بكرێنەوە بە حكومەتەوە وەك باج و رسومات و رێكارەكانی پابەندێتی كارو پرۆژەكان، كێبڕكێی و هەماهەنگی شارستانی دروست دەبێت لەنێوان فەرمانگە حكومی و ئەهلیەكاندا، بۆ نمونە فەرمانگەیەكی پۆستە و گەیاندن لە حكومەت كاری چییەو ئەی ئۆفیسی كۆمپانیایەكی گەیاندن و ئینتەرنێت و تەلەكۆم ئیشیان چی دەبێت، كاتێك یاسایەكی خانەنشینی پارێزگاری لە هەردوولا بكات، ئینتیما و نیەتی باش دروست دەبێت بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە.

كەواتە پێویستە ئەمجارە بە تۆپزیی كابینەی نوێ كار لەسەر پرسی خانەنشینكردن بۆ كەرتی تایبەت و كۆمپانیا ئەهلیەكان بكاتەوە.

كەرتی تایبەت چییە؟
 كەرتێكی تایبەت و ناحكومی خزمەتگوزاریی گشتیی سنوردارە لە زۆر بواری بیزنس و بەڕێوەبردن و راوێژكاریدا، ستراكچەر و بونیادنەری ئاوەدانی و پێشكەوتنی كایە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگایە و هاوشانی كەرتی گشتی رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریی و سیاسەتی كارگێڕیدا، لەئێستادا كەرتی تایبەتی پێكدێت لە كۆمپانیای گەورە و بچوك، كارگە و كارخانە و فابریكە و ناوەندە بازرگانییەكان، كۆمپانیاكانی میدیاو دۆبلاژ و كایە روناكبیری و پزیشكییەكان و ئەندازیارییەكان، ئەم كەرتە شادەماری جوڵەی بازرگانی وڵاتە، روبەرێكی هێجگار فراوانی رەنگ كردووە بۆخۆی و هەژمونێكی گەورەی دروستكردووە بەسەر كۆی سێكتەرە بازرگانییەكانی وەك گەشتوگوزار و گواستنەوە و گەیاندن و كۆمۆنیكەیشن و تەلەكۆم و كارەبا و بیناسازیی و ئەلیكترۆنیات و تەكنەلۆژیای ئۆتۆمبیل و خوێندنی زانكۆیی و پیشەیی و چەندین بواری خزمەتگوزاری دیكە، تەنانەت لە هەندێك وڵاتی پێشكەوتووی مۆدێرن، كەرتی گشتی و حكومی ئەوەندە كاڵبۆتەوە رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا وەك كەرتێكی راوێژكاری و مەرجەعی یاسادانان سودی لێ وەربگیرێت، زۆر فەرمانگەو كارو پرۆژەی حكومی هەیە لەئێستادا بەتەواوی خراوەتە خزمەتی راژەی كەرتی تایبەت و ئەهلی و ئەوان بەڕێوەی دەبەن، لە هەندێك وڵات خەریكە كەرتی ئەمن و سلكی دەوڵەتی گەورە گەورە، ئاسایش و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان و بەرگری شارستانی و سەنتەرەكانی هەماهەنگی، وەك فریاكەوتنی خێراو نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەتەواوی بڕواتە ناو كەرتی تایبەت و كۆمپانیا ئەهلیەكان بەڕێوەی بەرن، لە هەندێك وڵات ژینگەپارێزو كشتوكاڵ و سیكوریتی باڵەخانەكان و كارەبا كۆمپانیای ئەهلی لێی بەرپرسە، هەموو ئەمانە بۆ یەك مەبەستی سەرەكییە ئەویش شكۆبەخشینە بە سەروەری و یاساكانی وڵات و حومكڕانی باش و فەزیڵەتی تاك.
ئەوەی لە كوردستان باس ناكرێت فەزیڵەتی تاك و خودی مرۆڤە، تەندروستی و ژینگەكەی، كارو پرۆژەكانی، ئارامی و ئاسایشە خۆراكی و كۆمەڵایەتیەكەی، هەموو ئەمانە كەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵێكی گەورەی تێدا بگێڕێت، بەڵام لە كوردستان چونكە هێشتا حزب پێشڕەوی كۆمەڵگایە ئەو فەزیڵەت و گرنگیدانە بە تاك پێشناكەوێت، كەواتە ئەبێت رێزو ئیرادەو كەرامەت بۆ خەڵك و هاووڵاتی بگێڕینەوە ئەوجا قسە لەسەر ئیمتیازەكان بكەین، كەرتەكان لەیەك جیابكەینەوەو وەك خۆی بە یاسا بیانپارێزین، بزانین كێ لە كەرتی گشتییە و كێ لە تایبەت، ئەی كێ لە هەردوولا كاردەكات و بۆچی؟ ئایا دەكرێت مرۆڤ دوو ناسنامەو دوو ئایدی نەمبەر و دوو ئیمتیازی هەبێت لە گشتی و تایبەت، یاساكانی ئەم چیرۆكانە لە كوێن و كێ لێی بەرپرسە؟، دەكرێت لە حكومەت خۆت خانەنشین بكەیت بە پلەیەكی باڵا، دواتر لە پەنجەرەی پشتەوە بێیتەوە بۆ ناو كەرتی تایبەت و كۆمپانیایەكی ئەهلی و ببیت بە مەنیجەر؟ ئەمانە هەموو لە كوردستان بوونیان هەیە، بۆیە ئەستەمە ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز و گروپێكی پەرلەمانی چاونەترست نەبێت بتوانیت زاڵ بیت بەسەریاندا.
وردەكاری و ئیستیحقاق و رەهەندە جیاوازەكانی یاسای خانەنشینی زۆرە و پێویستی بە پرۆژەی جددی هەیە، دەكرێت قۆناغی داهاتووی پەرلەمان كاركردن بێت بۆ یاسایەكی خانەنشینی راقی و دادپەروەر بۆ كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی، چیتر تەمەنی 63 ساڵ و 30 ساڵ پوختەی راژە بە ئیعتیبار وەرنەگیرێت كە یاسایەكی كۆن و كلاسیكییە و دەكرێت چاكسازی تێدابكرێت، با سندوقی خانەنشینی هەمواربكرێتەوە و هەموو فەرمانبەرێك سوودمەند بێت لەو سندوقە و هیچ هێزێكیش نەبێت یاری بەو سندوقەوە بكات، حكومەت پێویستە تیمی تایبەتمەند پێكبهێنێت بۆ تەتەڵە و وردبینی كەرتی تایبەت و تەنها لە رووی ئەمنیەوە ناونوسیان نەكات، بەڵكو لە رووی خزمەتی شارستانی و یاساكانیشەوە پاڵپشتیان بێت و هەر لە بەڕێوەبەرایەتییەكی لۆكاڵیدا كەرتی تایبەت جێنەكاتەوە و مانگانەیان لێوەربگرێت و بەس، كەرتی تایبەت هەزاران كارمەند و كرێكار و فەرمانبەری هەیە و لە چاوەڕوانی پرۆژەیاسایەكدان بیانپارێزێت، پرۆژەیاسایەك ماف و ئیمتیازی كۆتایی راژە ببەخشێت بە فەرمانبەران و كرێكارانی كۆمپانیا ئەهلیەكان و هیچ نەبێت پاش 15 ساڵ خزمەت و ئەركی وەزیفی كردەنی (فعلی) خانەنشین بیانگرێتەوە و لەو گرێ دەرونییە رزگاریان بێت و هاوشانی هەر تاكێكی ئەم وڵاتە هەست بە ئاسودەیی بكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group