بڕوانامەی سیاسەتمەدار

ئاری محەمەد هەرسین

10/12/2017

"چوارچێوە وێنە رێك دەخات، بەڵام نایگۆڕێت"
شێركۆ بێكەس

نوسەر و زانستكاری هۆڵەندی (رۆسانا هارتزبێرگەر) لە گوتارێكیدا لە ڕۆژنامەی ( ئێن ئەڕ سێ) لە مانگی سێپتەمبەری 2012 لەسەر بڕوانامەی پارلەمانتارانی هۆڵەندی دەڵێت " ئەگەر بڕوامان بەوە بێت كە پارلەمان پێویستە ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگا بێت، ئەوا لە كۆی 150 ئەندامی پارلەمانی هۆڵەندا، پێویستە 50 كەسیان بڕوانامەی سەرەتاییان هەبێت، 61 ئەندام بڕوانامەی دواناوەندی، 24 ئەندام بڕوانامەی بەكالۆریۆس و 14 ئەندامیش خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بونایە". هەروەها خێردی فێربێرت سەرۆكی پارلەمانی هۆڵەندا پێی وایە: 90%ی ئەندامانی پارلەمانی هۆڵەندا دەرچوی پەیمانگە و زانكۆكانن، ئەمە لە كاتێكدا ئەمانە 30%ی دانیشتوانی هۆڵەندا پێكدەهێنن، ئایا ئەو 70% تر پێیان وایە كە لە پارلەماندا نوێنەرایەتی دەكرێن؟.
لە ئێستادا باس لە مەسەلەی بڕوانامە (وەك پێشمەرجێك) بۆ ئەندامەتی پارلەمان دەكرێت. هەر بۆیەش لەسەر ئەم بابەتە چەند سەرنجێك دەخەینەڕو.
زانكۆ، خوێندكار بە زانیاری پڕ چەك دەكات و فێری دەكات چۆن بە زانستیی بیربكاتەوە و توانای شیكاری مێشكی بەكاربێنێت (كە ئەمەش بۆ هەموو زانكۆیەك و بۆ هەموو خوێندكارێك شتێكی مسۆگەر كراو نییە). بەڵام زانكۆ كارگەیەك نییە ساڵانە خەڵكی عاقڵ بەرهەم بهێنێت. عاقڵی و زیرەكی دوو شتی جیاوازن، هەموو ئەو كەسانەی كە عاقڵن زیرەكن، بەڵام مەرج نییە ئەوەی لە بواری خوێندندا زیرەك بوبێت، عاقڵ دەرچێت. بەڵگەی ورد و درشت لەسەر ئەم بابەتی (عاقڵی - زیرەكی) زۆرن، بەڵام ئەم گوتارە شوێنی ئەوە نییە و دڵنیام خوێنەر لە چاوتروكاندنێكدا زۆر نموونەی لەسەر ئەم بابەتە بە بیردا دێتەوە.
زۆر كەس لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام كەمیان دەبنە موجتەبای میرزادە و رزگار خۆشناو و هەژار زەهاوی؟. زانكۆكانی ئەڵمانیا بە سەدان و زیاتریش پرۆفیسۆریان لە بواری سیاسەت تێدایە، بەڵام ئەنجێلا مێركڵ دەبێتە ڕاوێژكاری ئەو وڵاتە. زۆر كەس دەرچوی كۆلێژی زمان و ئەدەبی كوردی و عەرەبین، ئاخۆ چەندیان بە ئەندازەی هەژاری موكریانی زمانزانن؟ چەندیان بە ئەندازەی هەردی ئوستادی عەروز و رەخنەی زمانی عەرەبین؟
پێوەری خوێندەواری بۆ ئینسان بڕوانامەكەی نییە، بەڵكو سیستەم و ئاستی فراوانی بیركردنەوەیەتی. ئاستی خوێندەواری مامۆستا مەسعود محەمەد لە هەموو بڕوانامەیەك بەرزترە.
بە دڵنیاییەوە ناوەندێكی وەك پارلەمان پێویستی بە كەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكاندا هەیە و بەتایبەتی پسپۆڕیی لە بواری قانون، بەڵام پارلەمان لە بنەڕەتدا پێویستی بە كەسانی سیاسەتمەدارە. وەزیر پێویستە سیاسەتمەداری چاك بێت، نەك پسپۆر لە بوارێكی تایبەتیدا. ئەوە بەڕێوەبەرە گشتیەكانن كە پێشمەرجی پسپۆڕییان دەبێت تێدابێت. بۆ سیاسەتمەدار هەمیشە ئەو دەرگایە لەسەر پشتە كە دەتوانێت كەڵك لە پسپۆڕیی راوێژكاری لێزان لە بوارێكی تایبەتیدا وەربگرێت.
دواجار سیاسەت پێش ئەوەی زانست بێت هونەرە. سیاسەتمەدار پێویستە كەسێكی مەبدەئی، عاقڵ، دادپەروەر، ئازا، ئەستۆپاك، راستگۆ و دڵسۆز و خزمەتكاری میللەت و نیشتمانی خۆی بێت. هیچ زانكۆیەك لە دونیادا ناتوانێك بڕوانامەیەكی لەم جۆرە (بڕوانامەی سیاسەتمەداریی) بداتە كەسێك.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group