کورد و ئامۆژگاری

یادگار واژەیی

26/08/2019

تاکە میللەتین لە جیهاندا کە هیوایەتمان ئامۆژگاری کردنی بەرامبەرە و ڕێگە نیشانی هەموو کەسێک دەدەین کە چۆن ژیان بکات و چۆن بەختەوەری بەدەست بێنێت و ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو، هەمیشە لای بەرامبەر وا بانگەشە بۆ خۆمان دەکەین کە خۆمان بەو شێوە سەرکەوتووین و خۆشبەختین دەمانەوێت تۆش وەک ئێمە سەرکەوتوو بیت بۆیە هەوڵ دەدەین لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕێی درووست(ئەوەی کە خۆمان بە دروستی دەزانین) نیشانی بەرامبەرمان بدەین و ئامۆژگاری بەرامبەری پێ بکەین کە وابکات و وا نەکات یان ئەوە بخوات و ئەوە نەخوات ، یان وا بژی و وا مەژی، یان وا بڕوا و وا نەڕوات، یان هاوژینی لەگەڵ ئەودا بکە و لەگەڵ ئەم مەیکە، یان پچۆ بۆ ئەوێ و مەچۆ بۆ ئەوێ، یان گوێ لەو بگرە و گوێ لەو مەگرە، یان سەیری ئەو بکە و سەیری ئەم مەکە یان ئەوە بکڕە و ئەوە مەکڕە ، یان ئەوە بخوێنەرەوە و ئەوە مەخوێنەرەوە، لەگەڵ ئەو هاوڕێیەتی بکە و لەگەڵ ئەم مەیکە، یان بەداخەوە وای لێهاتووە ئەم ئامۆژگاریە هەندێ جار چووەتە ناو هەست و لاشعوریشمانەوە بە نموونە پێمان دەڵین ئەمت خۆشبوێت و ئەوت خۆشنەوێت یان ڕقت لەم بێت و ڕقت لەمەیان نەبێت...هتد
لە ناو میللەتانی پێشکەوتوودا شتێک نیە بەناوی ئامۆژگاری کردن بەڵکو ڕێنومایی و پێدانی زانیاری یان ڕوونکردنەوە هەیە، واتە فەرمانەکان بە ئەمە بکە و ئەمە بخۆ نیە بەڵکو بە ڕاگۆڕینەوە و بە پرسیارە نەک فشارخستنە سەرت بە ئەنجامدانی کارێک، وەرگرتنی بۆچوونتە سەبارەت بەو زانیاریە، بە نموونە لە ناو ئەوروپیەکاندا هەموو فەرمانەکان بە ڕاوێژکردن بۆت نمایش دەکەن ، لە جیاتی بڵێ بخۆ دەڵێ دەتوانی بیخۆیت؟ یان لەجیاتی ئەوەی بڵێ ئەمە بکە دەڵێ دەتوانی ئەمە بکەیت؟ یان وا باشترە ئەمە بکەیت ئیتر ناچێت بە شێوەی ئامۆژگاری و تەداخولی ژیانت فەرمانەکەت پێ بڵێت. 
بەداخەوە زۆرینەی کورد لە تاکێکەوە بیگرە هەتا خێزانێک یان کۆمەڵەیەک یان گروپێک هەر خەریکی ئامۆژگاری و نەسیحەتی بەرامبەرە و بەردەوام ڕێ بۆ بەرامبەر نیشان دەدات لە کاتێکدا بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان خەریکی خۆی نیە و خۆی لە بیر کردووە یان بەهیچ شێوەیەک گرنگی بە گەشەی خۆی نادات و لە پەروەردەکردنی خۆی دەستی هەڵگرتووە و بە قەولی خۆی گەیشتۆتە یەقین، وازی لە پەروەردەکردنی خۆی هێناوە و هەر خەریکی نەسیحەتی خەڵکیە و ژیانیان بووە بە خەریک بوون بە بەرامبەرەوە، بەبێ ئەوەی خەریکی خۆیان بن، ئەوەش لەوەوە هاتووە کە خۆی یان خۆیان بە کامڵبوون دەزانن و خۆیان وا شک دەبەن هیچ کەم و کورتیەک لە خۆیان نادۆزنەوە ئیتر بێ ئاگان لەوەی ئەوان(ئامۆژگاریکەران) لە چاوی هەندێک نەک هەر کامڵ نین بەڵکو (أنقص النواقص)یشن هەر خودی زۆر ئامۆژگاری کردنیان بە لاوازترین و پڕ کەم و کورترین کەس خۆیان نیشانی بەرامبەریان دەدەن. 
هەر لەسەرەتای منداڵی هەر تاکێکمانەوە بیگرە هەتا قۆناغی گەورەبوون و کامڵبوون سەیر ئەکەیت هەر ئامۆژگاریمان ئەکرێ و هەر ڕێمان بۆ نیشان ئەدرێ و ڕێمان بۆ ڕوون دەکرێتەوە کەچی بەردەوام هەر پێویستمان بە ئامۆژگاریە و هەر ڕێ بە خۆمان نادەین کەمێک بۆ خۆمان بیر بکەینەوە و چۆنمان بوێت وا بژین و چۆنمان بوێت وا هەڵسین و دانیشین، ژیانمان بەتەواوەتی دەرفەتی بۆ بەرامبەر بە جێ هێشتووە کە داخلی کار و ژیانمان بێ بۆیە تەداخولی هەموو ووردەکاریەکانی ژیانت دەکات وەک ئەوەی تۆ بەتایبەت بۆ ئەو درووستکرابیت، سەرنج بدە ئەو هەموو ئامۆژگاریە ڕێی لە بیر و هزری خۆشمان گرتووە کە بیخەینە کار و بیری پێ بکەینەوە بۆیە زۆربەی تاکەکان بوون بە ئینسانێکی نیمچە ئالی، گەورەکانیان بە کۆنتڕۆڵ چۆنیان بوێت هەر ئاوەهاش دەیانجوڵێنن و هەڵیاندەستێنن و دایاندەنیشێنن.
کە زۆر ئامۆژگاری کرایت واتە عەقڵ و هەستت دەکوژرێت بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت، چونکە کە ژیانت کردە ڕازی بوونی بەرامبەر واتە ڕێت لە خۆت و بیرکردنەوەی خۆت گرتووە کە چۆن بژیت و چی بکەیت، واتە عەقڵت داخستووە و بیرکردنەوەت قفڵ کردووە کە مرۆڤیش خاوەنی عەقڵێک نەبوو بۆ بیرکردنەو و خاوەنی هەستێک نەبوو بۆ نەست و سۆزەکانی لەگەڵ ئاژەڵێکدا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نابێت، مرۆڤ بە عەقڵ و ژیری و هەست و نەستەکانی خاوەنێتی خۆی دەسەلمێنێ و خۆی لەیەکێکی تر جیادەکاتەوە ، چونکە کە زۆر ئامۆژگاری کرایت و بەقسەی ئەو ژیانت کرد کەواتە تۆ هیچ بوونێکت نەبوو و تەنها کۆپی خاوەنەکەت بوویت و خۆت لەدەست داوە.
پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان زاراوەی (ئامۆژگاری) لەگەڵ زاراوەی (پرس) و (ڕاوێژ)، هەمیشە پرسی سنوردار و ڕاوێژ بەکەسانی شارەزا و پڕ ئەزموون لەهەر کارێکدا پێویستیەکی ژیانە و نکوڵی لەو جۆرە ناکرێت بۆ هەموو کەسێک بە درێژایی تەمەنی پێویستی بە ڕاوێژە نەک ئامۆژگاری! بەتایبەتی بۆ کەسانی تازە پێگەیشتوو و سەرەتای ژیانی هەرزەییان کە ئەوانیش پێویستیان بە پرسی سنوردار و ڕاوێژی زۆر سنووردار هەیە بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و پڕ ئەزموون، هەتا بوار بۆ مێشک و بیریان بڕەخسێنیت کە بیرۆکە و داهێنانی نوێ بۆ ژیان و ژیان کردنیان تیا دروست ببێت.
با واز لە ئامۆژگاری یەکتر بھێنین و چیتر نەخشەی ژیان بۆ کەس دانەنێین، کە وازت لە بەرامبەر ھێنا چۆن بژی و چۆن بڕوات بە ڕێوە ئەوکات ئۆتۆماتیکی خەریکی ژیانی خۆت ئەبیت و نەخشە بۆ ژیانی خۆت دادەنێیت

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group