كابینەی پێشوازی یاخود خزمەتگوزاری؟

كاروان مەحمود

31/08/2019

ماوەی 5 ساڵ زیاترە هاووڵاتیانی هەرێم توشی قەیرانێكی دروستكراو، كراون و چەندین هاووڵاتیانی سەری خۆیان هەڵگرت و وڵاتیان بەجێهێشت، لەناو ئەو هاووڵاتیانەش چەندین مامۆستای زانكۆ و كەسانی ئەكادیمی و خاوەن پیشەو وزەی ئەم هەرێمەی تێدابوو، كە چیتر بێبایەخی كارو پیشەو بڕوانامەكانیان پێ قبوڵ نەكراو جێیان هێشتین...وەك زۆربەی خەڵك دەڵێن دەستیان خۆش بێت خۆیان رزگار كرد!

هەروەها چەندین خێزان لەبەر نەبوونی و هەژاری لە یەكهەڵوەشان، ژمارەیەكی زۆری گەنجانی دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان و گەنجانی دیكەش بەبێ كار دانیشتون و ناتوانن بیر لە پرۆسەی هاوسەرگیری بكەنەوە، ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە، چونكە سەرژمێریمان لەپێشە و پێویستبوو هانی گەنجان بدرایە بۆ هاوسەرگیری و خستنەوەی وەچە، دەبوو پارەی باخ و دەعوەتی بەرپرسان و پارەی خانەنشینی بێ ئیشەكان و ئەوانەی رۆژێك بەردێكیان نەخستووەتە سەر بەردێك لەم وڵاتە بدرایەتە ئەو گەنجانە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆر كات گوێمان لێ دەبوو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری گەورە دەكات و ژیانی هاووڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەكان دەبوژێتەوە... ناهەقیشمان نەبوو باوەڕ بەو قسانە بكەین چونكە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان و حزبەكانیان زۆر بەڵێنی نەبیستراویان داو زۆریان وت، بەڵام خۆزگە هەمووان پەیج و ئەكاونتی وەزیرو پەرلەمانتارانتان سەرنج دەدا، هێندەی سەرقاڵی پێشوازی وەفدی حزبی خۆیان و هێندەی سەرقاڵی بەخێرهاتنی بەرپرسانن نیو هێندە سەرقاڵی كاری خۆیان نین....ئاخر باشە كاكە دادە بۆ وائەكەن؟ رەنگە رۆژانە بەدەیان كەس هەبێت چاوەڕوانی یەك خولەك قسەكردن بێت لەگەڵ ئێوە تاوەكو بیرۆكەو پرۆژەو كارەكانی بەئێوە بگەیەنێت... بەڵام كاتێك بە قافڵەی ئۆتۆمبێلە جام رەش و پاسەوانەكانتانەوە خۆتان دەكەن بەژووردا هێز نییە بتوانێت سڵاوێكیشتان لێبكات... رۆژنامەنوسێك نییە بتوانێت بۆ یەك خولەك نیگەرانی هاووڵاتیانتان پێ بگەیەنێت...ئەوەش جگە لەو دۆخە خراپەی هاووڵاتیانی كوردی ناوچە كوردستانیەكان تێی كەوتوون و كەس نییە ئاوڕیان لێبداتەوە!!

باشە كوا بەڵێنی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچە؟ كوا بەڵێنی چاكسازی؟ كوا بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا؟ كوا ئەو موچەیەی لە بەغداوە رەوانەكراوەو خواردتان؟ كوا موچەی كەمئەندامان و چاودێری خێزان؟ كوا چاكسازی لە بواری پەروەردەو تەندروستی و بوارەكانی دیكە؟ وڵات بە پێشوازی بەرپرسان و وەفدی حزبی پێشدەكەوێت یاخود بە گوێگرتن لە نیگەرانی فەرمانبەرێك كە دوای 15 رۆژ لە وەرگرتنی موچەكەی پارە قەرز دەكات بۆ كرێ خانو و شیری منداڵەكەی؟... یاخود گوێگرتن لە گەنجێك كە بیرۆكەی پرۆژەی هەیەو پڕە لە وزە و كەسَك نییە هاوكاری و دەستگیرۆیی بكات...وەڵا ئاوا بەردەوامبن دەبێت بڵێن ئەمەشمان فت!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group