چۆن پێشوازی لە قوتابیيە نوێیەكان دەكەین؟

عومه‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین

21/09/2019

دیارە سەرەتای خوێندن لە پۆلی یەكەم دا زۆر جیاوازە لە پۆلەكانی تر، بۆیە ئەم سەرەتایە بە قۆناغێكی زۆر ناسك و گرنگ دادەنرێت ـ پێویستە هاوكارییەكی توندو تۆڵ هەبێت لە نێوان ئیدارەی قوتابخانە و كەس و كاری قوتابیان،لەبەر ئەوەی گواستنەوەی منداڵ لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە گۆڕانكارییەكی ئێجگار گرانە بەنسبەت منداڵەوە،چونكە لە ماڵەوە لەگەڵ كۆمەڵێكی دیاریكراودا دەژی كە ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێپەرناكات،بەڵام لە قوتابخانەدا لە پۆلەكەییدا كۆمەڵێكی زیاتر منداڵا دەبینێت،كە هەندێكیان هەر نەناسیوە،یان بەراورد بكەین بە ژمارەی هاورێكانی لە كۆڵان بۆ ژمارەی قوتابیانی لە قوتابخانە.
ئەم گۆرانكارییە و دەیان گۆرانكاری تر هەر لە ئیدارە و، مامۆستا و، كارگوزار و، نوسەرو ،بیناو، پۆلەو هەر هەموویان منداڵ سەرسوردەهێنن، چونكە ئەمانە هیچی لە خێزاندانین،كەواتە گۆرانكاری لە ماڵێكەوە بۆ قوتابخانە پێویستی بەهاوكاری یارمەتی هەیە لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا زۆر لە پەروەردەناسەكان ئەم گۆرانكارییەیان بەقۆناغی((شیر بڕینەوەی دووەم)) ناوبردووە،دیارەكاتێك منداڵ لە شیر دەبڕێتەوە،دایك تووشی گەلێك گیروگرفت دەبێت تا دەگاتە ئەنجام،بۆ ئەوەی منداڵ ژینگەی ماڵەوە لەگەل ژینگەی قوتابخانە ببەستێت بەیەكەوە قوتابیان تووشی ترس و دڵەڕاوكێ نەبن بەرامبەر بە قوتابخانە پێویستە مامۆستایانی پۆلی یەكەم و ئیدارەی قوتابخانە بەگشتی دایكان و باوكان بە تایبەتی ڕەچاوی(قۆناغی ئامادەكردنی گشتی ـ مرحلة الاستعداد العام)بكەن.
ئەم قۆناغە تایبەتە بە پۆلی یەكەمی بنەرەتی كاتەكەی لەیەكەم رۆژی دەست پێكردنی دەوامەوە دەست پێدەكات بۆ ماوەی مانگێك ئەویش هەنگاوەكانی كاركردن بۆ ئەنجام دانی ئەم قۆناغە بەم شێوەیە:ـ
1/دوای ناونووسین كردنی پۆلی یەكەم لەپشووی هاویندا،ئیدارە باوكان و دایكانی قوتابیان ئاگادار ئەكات لە رۆژی دەست پێكردنی دەوام،بۆ نمونە دەوامی سەرجەم قوتابخانەكان لە 21/9 دەست پێ دەكات بەڵام پۆلی یەكەم لە 1/10 دێن بۆ قوتابخانە لەگەڵ یەكێك لەكەس و كاری.
2/ئیدارەی قوتابخانە كۆبونەوەیەكی تایبەت دەكات لەگەڵ سەرجەم مامۆستایان كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ پێشوازی كردن لە قوتابیانی پۆلی یەكەم بە گشتی مامۆستای پۆلی یەكەم دووەم بە تایبەتی.
3/دەعوەت نامە دەنێردرێت بۆ سەرجەم دایكان و باوكانی پۆلی یەكەم كە پێویستە یەكێكیان لەگەڵ منداڵەكە بێن بۆ قوتابخانە لە رۆژی دیاریكراودا.
4/ئاهەنگێك ساز دەكرێت بەم شێوەیە:
* كورسی و مێز دادەنرێ بۆ میوانەكان لە باخچە یان گۆڕەپانی قوتابخانە.
* قوتابیانی پۆلی دووەم پێشوازی دەكەن لە قوتابیە نوێیەكان (پۆلی یەكەم) كە لەگەڵ كەس و كاریاندا دێن بۆ قوتابخانە (پەروەردە ناسەكان پێیان چاكە قوتابیانی پۆلی دووەم پێشوازییەكە بكەن لەبەر ئەوەی هاوتەمەنی خۆیانن) واباشە ئیدارە لە پێشوازییەكەدا هەر مندالێكی پۆلی دووەم یەك چڵ گوڵی بداتێ ئەوانیش لە كاتی پێشوازییەكە بیدەنە پۆلی یەكەم كە یەكەم جارە دێنە قوتابخانە.
* شیرینی لە لایەن ئیدارەی قوتابخانەوە دابەش دەكرێت بەسەر قوتابیەكاندا لەگەڵ كەس و كاریان ودابینكردنی دیاری تایبەت بۆهەریەكەلەقوتابیانی پۆلی یەكەم .
* دەعوەت نامە دەنێردرێت بۆ چەند مامۆستا و سەرپەرشتیارو كەسایەتی پەروەردەیی و لیژنەی ئەنجومەنی دایكان و باوكانی ساڵی پێشوو بۆ تێروانین و بیرو بۆچونی خۆیان لەسەر ئەم كارە پەروەردەییە.
5/ چەند ووتارو پێشنیارێك دەخوێندرێتەوە لە لایەن: ـ
*سەرپەشتیاری تایبەتی وانەی كوردی.
* بەرێوەبەری قوتابخانە .
*مامۆستای پۆلی یەكەم
* ئەنجومەنی باوكان و دایكان و مامۆستایان .
6/ لە كۆتاییدا ئاهەنگێكی خنجیلانە لە لایەن قوتابیانی قوتابخانە بگێردرێ لەگەل چەند چالاكیەكی وەرزشی و هونەری و شانۆیی ئابەم شێوەیە مەراسیمی پێشوازیكردنەكە كۆتایی دێت .
ئالێرەوە منداڵان قوتابخانەیان لاخۆش دەبێت ئیتر وا ئەزانن كە قوتابخانە خۆشترین شوێنە،لە رۆژی دووەمی قوتابخانەدا هەتا كۆتایی قۆناغی ئامادەكردنی گشتی مامۆستای پۆلی یەكەم بە قوتابیەكانی ئاشنا دەبێت و یەكەیەكەیان ئەناسێت و،قوتابیەكانیش مامۆستایان بەباشی ئەناسن و،رۆژ لە دوای رۆژ مامۆستا قوتابیەكان شارەزا ئەكات بە قوتابخانە بە هەموو شێوەكانیەوە لە پێشدا شارەزایان دەكات بەتەوالێت و شوێنی ئاو خواردنەوە ئینجا گۆرەپان و باخچەی قوتابخانە ئەمەش چەند رۆژێك دەخایەنێت،لە دواییدا ئەیانباتە پۆلی خوێندنەوە ئەڵێ ئەمەپۆلی خۆتانە،دوای دەیانباتە ژووری بەرێوەبەرو مامۆستایان و یەكەیەكەیان دەناسێنێ بەبەرێوەبەرو مامۆستایان،لە دوای چوونە پۆلەوە وردە وردە قوتابیەكان ئاشنا دەكات بە وێنەكانی ناو پەرتووكەكە بۆ نمونە لە كتێبی وانەی ئەلفبێ داچەند لاپەڕەیەكی سەرەتای هەمووی وێنەی جۆراوجۆرە هەر رۆژەی چەند وێنەیەكیان پێدەڵێنەوە بەباسكردنەوە ، لە ئەنجامی ئەم وێنەنانەدا مامۆستا شارەزایەكی چاك كۆ دەكاتەوە لەسەر قوتابیەكان لە هەموو رووەكانەوە بۆ نمونە لە بواری تەندروستی دا: ـ
* ئەزانی كێ چاوی كزە و باش نابینێ ئەیهێنێتە پێشەوە .
*ئەگەر نەخۆش دەروونی هەبێت لەم قۆناغەدا دەردەكەێت .
* ئەگەر گوێ گران (كەڕ) بێت لەم قۆناغەدا دەردەكەوێت.
* ئەگەر زمانی (نطق) نا تەواو بێت لەم قۆناغەدا بەهۆی وێنەكان و پرسیارو وەڵامەوە دەردەكەوێت زۆر حاڵەتی تریش….هتد.
دوای ئەوەی قۆناغەكە تەواو بوو مامۆستا شارەزای قوتابیەكان دەبێت بەباشی لەم قۆناغەدا بەهیچ شێوەیەك وانە ناخوێندرێت واتە (خوێندنەوە نوسین ناكات) بۆ ئەوەی ئەو ترسانەی كە لەلای منداڵ هەیە بڕەوێتەوە و، قوتابخانەو ، مامۆستای خۆش بوێت ، پەروەردە ناسەكان زۆر تاكید دەكەنەوە لەسەر منداڵ ئەڵێن((منداڵ ئەگەر یەكێكی خۆش نەوێت زۆر مەحاڵە هیچی لێوە فێر بێت ئەگەر باوكیشی بێت)).بۆیە زۆر جار ووتراوە سەركەوتوترین مامۆستا ئەو مامۆستایە كە خۆی بكاتە هاورێ منداڵەكان،دوای ئەوەی كە منداڵ شارەزا بوو لە زۆربەی شوێنەكان و هەستی كرد كە مامۆستا هاورێیەتی و، خۆشی ئەوێت و،هاورێكانی لە پۆلەكەیدا خۆشی ئەوێن،قوتابخانەوەك ماڵی خۆیان وایە ئەوسا دوور دەكەوێتەوە لە دیاردە دزێوەكان منداڵی سەرەتا وەك رق وكینە بەرامبەر جەوی قوتابخانە یان وازهێنان و، نەچوون بۆ قوتابخانە و تەرك كردنی…هتد .
ئیتر لێرەوە قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات ئەویش (قۆناغی ئامادەكردنی تایبەتی ـ مرحلة الاستعداد الخاص)لەم قۆناغەدا قوتابیان ئاشنا دەكرێت بە خوێندنەوە و نووسین پیتەكان لەگەڵ ژمارەكان.
* یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group