ئەو قەیرانانەی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

محەمەد فاتیح

25/02/2020

هەر كەسێك وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە ببینێت، كە لە یەكێك لە بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان بەرمیلێكی پێیە و پڕی دەكات لە بەنزین، گومانی نامێنێت لەوەی قەیرانی بەنزین لە هەرێمدا دروستبوە و ئیتر خەڵكەكەش ناهەقی نییە پاڵەپەستۆ بكەن.
لەماوەی كاتژمێرێكدا دوای ئەوەی هەواڵەكان باسیان لەوەكرد مامەڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران راگیراوە، لەسەر شەقامەكانی هەرێم سەرەیەكی دورودرێژی ئۆتۆمبێلەكان بۆ بەنزین وەرگرتن بە دیدەكرا و قەیرانی بەنزین راگەیەندرا!
قەیران و نەهامەتی زۆر رویتێكردوین، دواترینیان و تازەترینیان قەیرانی بەنزین و دەمامكە، لە سایەی ئەم حكومەتەوە بێگومان رەنگە قەیرانی سەیروسەمەرەتریش رومان تێبكات!
هەر لە دروستبونی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاكو چەند ساڵێكیش لەمەوبەر، هەرچ كەموكوڕیەك یان هەڵەیەك هەبوایە دەسەڵاتداران دەیان وت: حكومەتی هەرێم هێشتا ساوایە! ئەی ئێستا خۆ هیچ نەبێت پێی گرتوە، ئیتر ئەم هەموو كەموكوڕی و قەیرانانە بۆچی؟
لە سەرەتای نەوەدەكان ئاسایی بوو، كەموكوڕی و هەڵە هەبوایە، بەڵام لەدوای ساڵی دوو هەزارەوە، هەرچ كەموكوڕی و قەیرانێك هەبێت، تاوانە بەرامبەر بە گەلی كوردستان ئەنجامدەدرێت!
تاڕادەیەكی زۆریش بازرگانەكان بەشدارن لە دروستكردنی قەیرانەكاندا، هەرچەندە زۆربەی كاربەدەستان بۆ خۆیان كاری بازرگانیش دەكەن، سەرەڕای ناهۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان، كە ئەمەش دووبارە هەر تاوانی دەسەڵاتداران و كاربەدەستانە، چونكە ئەركی سەرشانی ئەوانە گرنگی بەوەبدەن و لەجیاتی ئەوەی كۆمەڵگە بە حزبی بكەن، دەبێت كۆمەڵگە هۆشیاربكەن!
لەهەموی سەیرتر حكومەتی هەرێم نەیتوانی تاكو ئێستا بەشێوەیەكی رێكوپێك مانگانە یاخود ساڵانە نەوت بەسەر هاونیشتمانیان دابەشبكات، كەچی مانگانە پارەی زبڵیشمان لێوەردەگرێت.
ئێمە زۆرمان پێخۆشە هەرێمی كوردستان پێشكەوتوبێت و ببێت بە شوێنێكی نمونەیی، بەڵام تۆ لەكاتێكدا كە سەرەتایترین مافەكانی هاووڵاتیانت دابیننەكردوە، دەچیت فشار دەخەیتەسەریان و تەنگیان پێهەڵدەچنیت!، حكومەت دەبێت لە خەمی هاووڵاتیاندابێت یان خەمیان بۆ زیاد بكات؟!
تاكو ئێستاش خەڵكی هەرێم دەناڵێنن بەدەست بێكارەبایی و نەوتەوە و ئەوە غازیش هاتەسەری، بێجگەلە دروستبونی ناوبەناوەی قەیرانی بەنزین و خۆراك یان گرانكردنی نرخی شتومەك و كاڵاكان و خواردەمەنی.
ئەمە سەرەڕای كارەساتی پاشەكەوتی موچە و دزینی موچەی چەند مانگێك لە ساڵێكدا و ترس و دڵەڕاوكێی بڕینی موچە!
بۆچی نەتوانراوە تاكو ئێستا سیستمێكی دروست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكانی هەرێمی كوردستان دابنرێت؟ 
ناهۆشیاری ئێمە بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ متمانە نەبون بە حكومەت و دەسەڵاتداران و كاربەدەستان!
ئاخر لەدوای نزیكەی 30 ساڵ حكومڕانی نەتوانرێت موچەی فەرمانبەران و نەوت و كارەبا دابینبكرێت، ئیتر چۆن بتوانین هاونیشتمانییەكی هۆشیاربین؟
ئاخر لەدوای نزیكی 30 ساڵ حكومڕانی، بەرهەمێكی پشتپێبەستوی ناخۆییت نەبێت، ئیتر چۆن كۆمەڵگەیەكی هۆشیارت دەبێت و چۆن هاونیشتمانان متمانە بە حكومەتی وادەكەن و ناشڵەژێن؟!
ئاخر لەدوای نزیكی 30 ساڵ حكومڕانی یاسایەكی تۆكمە و گشتگیرت نەبێت بۆ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و رێكخستنی كاروباری هەرێمەكەت، ئیتر چۆن كوردستانێكی هۆشیار و پێشكەوتو و ئاوەدانت دەبێت!
ئەو قەیرانانە و دەیانی دیكەش، بەردەوامن بۆیە پێویست ناكات بە زمانی رابردو باسی بكەین، بەڵكو بۆ ئێستا و بۆ ئایندەیەكی دوریش هەر بەركارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group