خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەكان

سەركۆ یونس

19/10/2020
خەرجی مانگانەی موچەی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی سێبەر و راستەقینەی هەرێم نزیكەی (894) ملیار دینارە بەبێ لێبڕین.
لەساڵی دارایی (2020)دا تائێستا (4) موچە دراوە و تەنها مانگێك بەتەواوی دراوە و دوو مانگی بەلێبڕینی (21%) ەوە دراوە و ئەم مانگەش كە كرا بە موچەی مانگی ئەیلول بەلێبڕینی (18%) دەدرێت و موچەی (5) مانگیی ئەمساڵیش كرا بە پاشەوكەتی وون بوو!.
ئاشكرایە رێژەیەكی بەرزی خێزانەكان پشتیان بەو موچەیە بەستوە، كە مانگانە وەك فەرمانبەرو خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و كەمئەندامان وەردەگرێت و دەتوانین بڵێین ئابوری تاك و خێزانەكانی هەرێم پەیوەستە بە موچەوە.
ئەگەر لە(9) مانگی رابردودا نمونەی تەنها یەك فەرمانبەری خێزاندار وەربگرین تێبینی دەكەین گریمان موچەی مانگانەی (800) هەزار دینار بێت ئەوا تەنها یەك مانگی بەتەواوەتی وەرگرتوە و دوو مانگی بڕی (632) هەزار دیناری مانگانە و كۆتا مانگیش (656) هەزار دیناری وەرگرتوە لەماوەی سێ وەرزی ساڵدا ئەگەر كۆی موچەی وەرگیراو دابەشی هەر نۆ مانگەكەی بكەین ئەوا بۆ هەر مانگێك بڕی (302) هەزار دینار دەكات بەم بڕەش دەبێت كۆی پێداویستیەكانی رۆژانەی سەرجەم ئەندامانی خێزانەكە دابین بكات و بۆ هەندێك كرێی خانو و قیست و قەرزی رابردوش لەم بڕە دیاریكراوە بداتەوە!.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشكی بخەینەسەر بابەتی خۆگونجاندنی موچەخۆران و فەرمانبەرانە لەبارودۆخی قەیرانی دارایی و ئابورییدا.
ئاشكرایە خواستی كڕیار و بەكاربەر بۆ پێویستییەكان خواستێكی بێ كۆتایە و پڕكردنەوەی پێویستیەكان بۆ هەندێ شمەك و خزمەتگوزاری بەردەوامەو هەمیشەیی و دوبارە دەبنەوە وەك پێداویستی خواردن و خواردەمەنی و جلوبەرگ و پێویستییە خودیەكان.
لەبارودۆخێكی قەیراناوی ئەمڕۆی ئابوری و دارایی كوردستاندا، كە داهاتی خێزان و تاك تاڕادەی كەمبونەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، پێویستدەكات لەسەر لێپرسراوی خێزانەكان یان ئەو كەسانەی بەرپرسیارێتی تاكەكانی خێزانی لەسەرشانە بەو داهاتەی لەبەردەستیایەتی خەرجییەكانیان رێكبخەن بۆئەوەی بتوانن بەو داهاتە كەم و سنوردارە زۆرترین پێویستی پڕبكەنەوە، ئەگەرنا هەروەك چۆن حكومەت توشی كورتهێنان بوەتەوە لە بودجەی گشتیدا، بەهەمان شێوە بودجەی خێزانەكان توشی كورتهێنان دەبنەوە و ناچار بۆ پڕكردنەوە پێویستی بە قەرز دەبێت، كە ئەمەش بۆ خۆی جارێكی تر بارگرانی زیاتر دەهێنێت بۆسەر شانی خێزانەكان.
ئاشكرایە بارگرانی زیاتر لەسەر چینی مامناوەندی موچەخۆرانە، كە لەئێستادا بەچینی هەژاران ئەژماردەكرێن، چونكە هەر كەمبونەوەی داهاتەكانیان نییە لەبەرامبەردا بەرزی نرخەكانیش ئاستەنگەكە قورستر دەكات واتە لەهەمانكاتدا، كە داهاتی نەختینەیی كەمە، بەڵام بازاڕیش هەڵاوسانە و بەدەستهێنانی پێداویستییەكان بۆ زۆرێك لە خێزانە موچەخۆرەكان كارێكی گرانە و پارەی بەردەست بەشی كڕینی پێداویستیەكان ناكات، لەبەرئەوە دەبێت و ناچارین هەوڵبدەین یەكەمجار پێداویستییە سەرەكییەكانی وەك خۆراك و خواردەمەنی بەبڕی پێویستی رۆژانە دابین بكەین و هەوڵبدەین لەو بازاڕ و ماركێت و دوكانانە شتومەك بكڕین، كە نرخیان نزم و گونجاوە بەمەرجی كوالیتی و تەندروستی و هەروەها پێویستە جلوبەرگ لەم بارودۆخەدا گرنگی زۆری پێ نەدرێت و جگەلە پۆشاكی پێویست زیادەڕۆیی لە كڕینی جلوبەرگی ناپێویستدا نەكرێت، هەروەها پێویستییە جوانكارییەكان دوابخرێن بۆ كاتێكی تر و لە هەوڵی دابینكردنی پێداویستیە هەنوكەییەكاندا بین وەك خۆراك و خواردەمەنییە پێویستەكان.
گرنگە خێزانەكان هۆشیارییەكی ئەوتۆیان هەبێت تا بتوانن ئەم بارودۆخە تێبپەڕێنن بۆئەوەی تووشی داڕمانی زیاتری دارایی و ئابوری نەبن و كاریگەری نێگەتیڤ نەكاتەسەر لایەنەكانی تری ژیان بەگشتی و لایەنی كۆمەڵایەتی بەتایبەتی.
بابەتی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەكان بابەتێكی خودی تاكەكەس و كۆمەڵگایە و پەیوەندی بە خودی كەس و تاك و خێزانەكانەوە هەیە و لە كۆمەڵگایەك بۆ كۆمەڵگایەكی تر جیاوازی هەیە و دەچێتە ژێر ركێفی زانستی دەروناسییەوە و لەم بارودۆخانەدا پەیوەندی ئابوری و دەروناسی دەردەكەوێت، هەڵبەت بۆ پێداویستییە ناپێویستیەكان دەتوانرێت دوابخرێت لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر، بۆ نمونە كڕینی مۆبایلێكی زیرەكی گرانبەها لەئێستادا دوابخرێت بۆ كاتێك، كە داهاتی تاكەكەس زیاتر بێت لە پێداویستییە سەرەكییەكان، خۆشبەختانە زۆرێك لە كۆمەڵگاكان توانیویانە زاڵ ببن بەسەر خواستەكانیاندا و سنورێك بۆ پێویستییەكانیان دابنێن.
ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری و دارایی ئەمڕۆیی هەرێم بێ گومان هۆكاری سیاسی و ئابوری و دەرئەنجامی هەڵە و بێ پلانی و كورتبینی سیاسییە دەسەڵاتدارەكانەوە سەریهەڵداوە و ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی و پلانی تۆكمەی ئابوری و دارایی نەگیرێتەبەر، دەبێت چاوەڕێی قەیرانی قورسترو كاریگەرتریش بین بەداخەوە باجی قورسی ئەم قەیرانانە دەبێت فەرمانبەر و چینە دەستكورتەكانی كۆمەڵگا بیدەن.
ژیانی سەختی ئەمڕۆی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم وا دەخوازێت، كە خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگا پێویستیانە هەڵسوكەوت بكەن و سنورێك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان دابنێن هەرچەندە بۆ زۆرێك لە تاك و خێزانەكان قورسە و هەروا كارێكی ئاسان نییە.
بەئومێدی هۆشیارییەكی گونجاوی ئابوری و دارایی بۆ تاك و خێزانەكان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قورسانەی ژیان و گوزەرانی موچەخۆرو فەرمانبەرانی هەرێم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group