دووبارە رێكخستنەوەی عیراق!

كاروان یاروەیس

12/01/2019

لەسەردەمی سەرۆكایەتی (ترامپ) دا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، هێواش هێواش بەجۆرێك دەگۆڕێت، گۆڕانكاری‌ و پێشهاتی نوێ‌ لە جیهان بەگشتی‌ و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دیاریكراوی دێنێتە ئاراوە.
سەرەتای مامەڵەكردنی نوێ‌‌ و جیاواز لەگەڵ دۆسیەی سوریا، لەلایەن ئەمریكاوە دەركەوتووە، كە ڕەنگە پاشەكشەی هێزەكان جوڵەیەكی بەهێزی ناو سیناریۆ تازەكە بێت.
ئەمریكا پەڕەكانی ناو دۆسیەی عێراق سەرلەبەری جارێكی تر ڕێكدەخاتەوە بەتەمایە گۆڕانێكی ڕیشەیی لە حوكمڕانی دروست بكات، بەڵام راستەوخۆ بە كاراكتەرە عیراقییەكان ‌و دواتر بە سوپاو جوڵەی سەربازی جێبەجێ دەكات. 
هاتنەكەی ترامپ بۆ لای سەربازە ئەمریكیەكان لە بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) لە ئەنبار بە كتوپڕی ‌و بەبێ‌ ئەوەی هیچ بەرپرسێكی عیراقی ببینێ‌، ئاماژەی گۆڕانكارین لە عیراقدا.
پەیتا پەیتا هاتنی هێزی سەربازی ئەمریكی بۆ عیراق، بەشێكی ترە لە رێوشوێنەكانی تەواوكردنی سیناریۆیەكە. ئەمریكا دەیەوێ‌ هێزەكانی تەنها بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی لەدەستچووی عیراق دەستێوەردان بكەن‌، دوای ئەوەی یاخیبوون و كودەتا روودەدات، بەم بیانووەوە سوپا هەڵبوەشێنەوە و میلیشاكان‌ و حزبە توندڕەوەكان قەدەغە بكەن.
ئەمریكا دەیەوێ‌ دۆسیەی عیراق سەرلەنوێ‌ رێكبخاتەوە، كۆتایی بە هەژموونی وڵاتان بهێنێ‌‌ و قەرەبووی زیانە گیانی ‌و ماڵیەكانی لە پرۆسەی ئازادی عیراقدا بكاتەوەو عیراق بە تەواوەتی بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە. 
كێشەیەكی گەورەی ئەمریكیەكان، كە بەوردی تاووتوێ‌ دەكەن، رۆڵی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانە، دەیانەوێ‌ جوڵەكانیان نیگەرانی مەرجەعیەتی لێنەكەوێتەوە، چونكە فتوایەكی مەرجەعیەت بەسە بۆ ئەوەی هەموو یارییەكە لە ئەمریكا تێكبدات. 
كاراكتەرێكی سەرەكی گۆڕانكارییەكان كورد دەبێت، كە لەهەنگاوی یەكەمدا دەتوانن بۆشایی ئەمنی كەركوك‌ و ناوچە كێشە لەسەرەكان بقۆزنەوە و سەرلەنوێ‌ پێشمەرگە كۆنترۆڵی بكاتەوە، بەڵام مەترسی ئەوەیە، ئەگەر دەستوری عیراق هەموار بكرێتەوە یان دەستورێكی نوێ‌ بۆ عیراق بنوسرێتەوە تاچەند مافەكانی كورد دەستەبەردەكرێ‌؟ لەكاتێكدا كورد لە نێو خۆیاندا ناكۆكن. 
با تەماشا بكەین‌ و ببینین، بزانین ئەم پێشبینیانە چەندی دێنەدی‌ و دۆخەكە بەرەو كوێ‌ دەچێ‌، بەڵام پێشبینی بەهێز ئەوەیە، عیراق بەم شێوەیەی نامێنێ‌‌ و دەگۆڕێ‌.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group