رەمەك رەمەزان: بڕیاردراوە هەفتانە دوو جار نەوت بۆ چەمچەماڵ رەوانە بكرێت

20/11/2018

نەوا
قائیمقامی چەمچەماڵ دەڵێت: "بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا سەرباری ئەو بەڵێن و بڕیارانە، دەست بە دابەشكردنی نەوت لە سنورەكەیان نەكراوە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما هاووڵاتیان بە هۆی دابەشنەكردنی نەوت و گرانبوونی نرخەكەی لە بازاڕی ئازاد، پەنا بۆ گەرمكەرەوە كارەباییەكان دەبەن و ئەمەش هەندێك جار دەبێتە هۆی روودانی ئاگركەوتنەوە، لە دوایین حاڵەتیشدا بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە لە چەمچەماڵ بەهۆی هیتەری كارەباییەوە ئاگر لە ماڵێك كەوتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 7 ئەندامی خێزانێكی عەرەبی دانیشتووی شارەكە.
سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ هاووڵاتیان، رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا وتی: "ساڵی پار و لەم كاتانەدا توانیمان یەك بەرمیل نەوت بۆ هەر بنەماڵەیەك لە چەمچەماڵ دابین بكەین، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی كەمی هاتنی سوتەمەنی تا ئێستا نەوت لە چەمچەماڵ دابەشنەكراوە".
رونیشیكردەوە، بەر لە دوومانگ داوای دابینكردنی سوتەمەنی لە پارێزگار كردووە و ئەویش بە نوسراوی فەرمی داوای لە بەڕێوبەرایەتی دابەشكردنی نەوت كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارێزگای سلێمانی نەوتی ساڵی رابردووی وەرنەگرتووە، هەروەها بڕیارێكیش هەیە بۆ ئەوەی سەرەتا ناوچە شاخاویە ساردەكان نەوت وەربگرن، پرۆسەكە تا ئێستا لە چەمچەماڵ دەستیپێنەكردووە.
قائیمقامی چەمچەماڵ جەختیشی كردەوە لەوەی كە لە رۆژانی رابردوودا جارێكی تر داوای لە پارێزگار و بەڕێوبەرایەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكان كردووە، نەوت بۆ قەزاكەیان دابین بكەن، ئەوانیش بڕیاریان داوە بە پێی ئەو بڕەی بەدەستیان دەگات، هەفتانە دوو جار نەوت بۆ چەمچەماڵ رەوانە بكەن.
رەمەك رەمەزان هێمای بۆ ئەوەشكرد، كە دابین نەكردنی سوتەمەنی لە زستان و پەنابردنی هاووڵاتیان بۆ ئامێرە گەرمكەرەوە كارەباییەكان هەندێكجار رووداوی ناخۆش و نەخوازراوی وەك ئەوەی چەمچەماڵی لێدەكەوێتەوە كە تێیدا حەوت ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group