بەرەی نیشتمانی پەیامێك بڵاو دەكاتەوەو داوای راگرتنی شەڕو بۆردومانەكان دەكات

16/12/2018

نەوا-پێشكەوت عەبدوڵڵا
بەرەی نیشتمانی سەبارەت بە سنور بەزاندنەكانی توركیا پەیامێك بڵاودەكاتەوەو تێیدا هاتووە، ماوەی ساڵانێكی زۆرە دەوڵەتی توركیا بۆردومانی خاكی نیشتمان دەكات و سنوری عیراق دەبەزێنێ و ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج، ئەمەش پێچەوانەی هاو سنوریی و یاسای نێودەوڵەتی و رێسا جیهانیەكانە. 
لە پەیامەكەی بەرەی نیشتمانی كە وێنەیەكی دراوەتە رادیۆ نەوا ئاماژە بەوەشكراوە، لەئەنجامی ئەو تاوانانەدا كە بەفڕۆكە ئەنجامی دەدات چەندەها كەس لە ژن و مامۆستاو مناڵ و پێشمەرگەش بوونەتە قوربانی.
داواشدەكەن، حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم جدی بن لە كۆتایی پێهێنان بە دەستدرێژیەكانی دەوڵەتی توركیا و، ئەوەش دەڵێت: "ئەركی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە دانیشتنێك ساز بكات بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەو پێشێلكاریانە و ئەركی پەرلەمانی كوردستانە دانیشتنی نائاسایی ساز بكات بۆ هەمان مەبەست".
داواشدەكەن نوێنەری وڵاتان و نەتەوە یەكگرتوەكان هەوڵی جدی بدەن بۆ ئەوەی شەڕێكی نەخوازراو بەرۆكی هەرێمی كوردستان نەگرێت و هەموو لایەك ناچار بكەن رێز لە خاك و ئاسمانی كوردستان بگرن و نەیبەزێنن.
بەرەی نیشتمانی جەخت دەكاتەوە كە كێشەی گەلی كورد تەنیا بە رێگای ئاشتی و دیالۆگ و لەسەر بنەمای رێزگرتن لەمافی مرۆڤ و جیاوازیەكان چارەسەر دەبێت، با چیتر خوێنی بەناهەق رژاوی هەر چوار ژنە كوردی بێتاوان و سڤیل "ئاسیا عەلی محەمەد، نارنج فەرحان قاسم، ئەڤین كاوە مەحمود، ئەیلەم محەمەد عومەر"ببێتە كۆتایی خەمساردی و خوێن ساردی دونیا لەبەرامبەر كوشتنی كورد بە بەرچاوی جیهانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group