مادۆرۆ: ترامپی توندڕەو دەیەوێت دەست بەسەر ڤەنزویلادا بگرێت

12/02/2019 جیهان

 

سەرۆكی ڤەنزویلا هاوتا ئەمریكیەكەی بەكەسێكی توندڕەو ناودەبات و باس لەوەشدەكات واشنتۆن دەیەوێت دەست بەسەر وڵاتەكەیدا بگرێت، هاوكات رەتیشیدەكاتەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنێت.
لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ بی بی سی، نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆك كۆماری ڤەنزویلا رایگەیاندووە: دۆناڵد ترامپ و كەسە نزیكەكانی "تاقمێكی توندڕەون" و دەیانەوێ لە رێگەی سەپاندنی سیاسەتی شەڕخوازانەوە دەست بەسەر ڤەنزویلادا بگرن.
وتیشی: ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەی ناردنی هاوكاری مرۆییەوە، رەوایەتی بە دەستوەردانەكانی لە كاروباری ناوخۆیی ڤەنزویلا بدات، بۆیە رێگریمان لە هاتنە ناوەوەی ئەو هاوكاریە مرۆییە كردوە.
دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی ڤەنزویلا خوان گوایدۆ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە خۆی وەك سەرۆكی كاتی ناساند و ئەمریكا و 9 وڵاتی ئەوروپیش دانیان پێدانا و هاودەنگ لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن داوادەكەن هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
لەبارەی داواكاری و فشارەكانی ئۆپۆزسیۆن و وڵاتانی بیانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، نیكۆلاس مادۆرۆ رایگەیاندووە: هیچ هۆكارێكی لۆژیكی لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت رابگەیەنێت.
ڤەنزویلا چەند ساڵێكە بە دەست قەیرانی دارایی و سیاسیەوە دەناڵێنێت و سەرباری دژایەتی ئەمریكا و ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە، بەڵام هەر یەك لە چین، روسیا، ئێران، توركیا، كوبا و مەكسیك پشتگیری دەسەڵاتی مادۆرۆ دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group