پەرلەمانتارێك: پاشەكەوتی مووچە هەڵدەوەشێتەوە

14/02/2019
نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، "لەدوای دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، كاری جدی دەكەین بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی و بەدڵنیاییەوە پاشەكەوتی مووچە هەڵدەوەشێتەوە".
جوان یونس رۆژبەیانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "پێش هەڵبژاردن وەكو فراكسیۆنەكەمان یەكێك لە بانگەشەكەمان كاركردن بووە بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی لەپەرلەمانی كوردستان و بێگومان دوای دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و دەستبەكاربوونی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵی جدی دەدەین بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و مووچە ودەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەكان كە لەخولی پێشوو رەوانەی پەرلەمان كراوەو تائێستا پەسەند نەكراوە". 
جوان یونس رۆژبەیانی ئەوەشی وت: "بە پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە مووچە خۆری بندیوار نامێنێت و رێگری لە دوو مووچەو سێ مووچەیی دەكرێت، بەوەش داهاتێكی زۆر بۆ حكومەتی دەگەڕێتەوەو بە دڵنیاییەوە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵدەوەشێتەوە".



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group