رونكردنەوەی لەبارەی بڕینی بەشە خۆراكی مانگانە دەدرێت

19/02/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود


پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رونكردنەوەی لەبارەی بڕینی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دەدات و ئەوەش دەڵێت: "بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان بەدواداچوونەكان بەردەوامە".
میادە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوا راگەیاند، "هەوڵەكانمان بۆ قەرەبووكردنەوەی بەشە خۆراكی فەوتاوی هاووڵاتیان بەردەوامەو بەدواداچوونی پێویستمان لەوبارەیەوە كردووە، چونكە ئەوە حەقی هاووڵاتیانەو پێویستە قەرەبوویان بكرێتەوە".
دڵنیایشیدا لەوەی لەدوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دووبارە بەدواداچوونی جدی لەوبارەیەوە دەكرێت و ئەوپرسە دەخرێتەوە بەرباس.
سەبارەت بەودەنگۆیانەی باس لە بڕینی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دەكەن، میادە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ نەوا وتی: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لەراستییەوەو هیچ شتێكی فەرمی لەوبارەیەوە نەوتراوە، ئەگەر بەشە خۆراكی مانگانەش ببڕێت بۆ سەرجەم عیراق دەبێت نەوەك تەنها بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش پێویستە بەدیلی دیكە دیاری بكرێت، بەوەی پارە بدرێتە هاووڵاتیان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group