ئەمریكا بە مەرج رێگە بە عیراق دەدات مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات

07/05/2019 جیهان

نەوا
"رۆژنامەی عەرەب" بڵاویكردوەتەوە، ئەمریكا ئامادەیە تایبەتمەندی بدات بەعیراق بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا بەمەرجێك كۆمپانیا ئەمریكیەكان ئاسانكاریان بۆ بكرێت بۆ دەستكەوتنی گرێبەست بۆ كاركردن لەكەرتی كارەبای عیراقدا و لەوانەیە عیراقیش بەو رێكەوتنە رازی ببێت.
ئەو رۆژنامەیە راپۆرتێكی لەسەر زاری چەند كەسایەتییەكی سیاسی عیراقییەوە بڵاوكردوەتەوە، كە تێیدا هاتوە "واشنتۆن پێشنیاری بۆ عیراق كردوە تایبەتمەندی پێدەدات لە سزاكانی سەر ئێراندا، بەڵام لەبەرانبەردا ئاسانكاری بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان بكرێت بۆئەوەی گرێبەست بەدەستبهێنن بۆ كاركردن لەكەرتی كارەبای عیراقداو چارەسەركردنی كێشەی كەمی كارەبا".
رونیشكراوەتەوە، ئەمریكا پێیوایە چارەسەركردنی كەرتی كارەبای عیراق پێویستی بە 4 ساڵ كاركردن هەیە و هەروەها 20 ملیار دۆلاری پێویستە، نەك 14 ملیار دۆلار وەك ئەوەی حكومەتی عیراق پلانی بۆ داناوە.
رۆژنامەی "عەرەب" رونیشیكردوەتەوە، ئەمریكا هیچ كێشەیەكی نییە لەوەی ئەو رێكەوتنە ئەنجام بدات، چونكە كۆمپانیاكانی دەبنە خاوەنی گرێبەستی زەبەلاح لە عیراقدا و هەروەها عیراق دەگەیەننە قۆناغێك، كە تەنها كارەبای ناوخۆیی بەشی بكات و دەستبەرداری كارەبا و غازی ئێران ببێت، لەئێستاشدا حكومەتی عیراقی دیراسەی پێشنیارەكەی ئەمریكا دەكات و لەوانەیە رازی ببێت لەسەری.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group