فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان چی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كرد؟

18/05/2019 عێراق

نەوا
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایانكرد، رێوشوێنەكانی ئەمدواییەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا بەهۆی بونی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوە بەسەر باڵیۆزخانەكەوە.
هەفتەی رابردو ئەمریكا بڕیاری دا گەشتی ئەمریكییەكان بۆ عیراق رابگرێت و لە باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكەشی لە بەغدا و هەولێر پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی عیراقی راگرت، هەروەها ئەو كارمەندانەشی كاری هەنوكەیی و پێویستیان نییە رەوانەی ئەمریكا كرانەوە.
لەوبارەیەوە كەناڵی "بی سی نیوز"ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردوەتەوە، هەڕەشەی گروپەكانی سەربە ئێران و بەكرێگرتەكانیان لە عیراقدا تائێستاش لەئاستێكی بەرزدایە. یەكێك لە سەرچاوەكانیش دەڵێت "لە چەند رۆژی رابردودا ئەو هەڕەشانە وەك خۆیان بون و گۆڕانكارییان بەسەردانەهاتوە".
ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیانكرد، ئاستی بارگرژییەكە لە پایتەختی عیراق بەجۆرێكە، كە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی نەناسراو ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كراوە".
پاش ئەوەی دڵنیایی دراوە لەوەی ئەو فڕۆكەیە مەترسی دروست ناكات، كاركردن لە باڵیۆزخانەكەدا ئاسایی بوەتەوە و كاروبارەكان رایی دەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group