زەریف لە بارەی ئەگەری هەر رووداوێك لە كەنداو هۆشداری دەداتە ئەمریكا

21/05/2019 جیهان
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران

نەوا
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی دا لەوەی زیادكردنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە كەنداو، رەنگە ببێتە هۆی كەوتنەوەی رووداو، هاوكات رەتیشیدەكاتەوە وڵاتەكەی لە ژێر هەڕەشەدا مل بۆ دانوستان كەچ بكات.
لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، جەواد زەریف روونكردنەوەی لەبارەی گرژییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا دا و سەبارەت بەوەی واشنتۆن بە بیانووی ئەو هەڕەشانەی لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن، هێزە سەربازییەكانی خۆی لە كەنداو زیادكردووە، رایگەیاند: "جێگیركردنی هێزێكی سەربازیی ئەوەندە زۆر لە رووبەرێكی بچووكدا، رەنگە هەر لە خۆیەوە ببێتەهۆی كەوتنەوەی رووداوگەلێك".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەشكردەوە لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا كەسانێك هەن نایانەوێت ئەو جۆرە "رووداوانە" بكەوێتەوە و وتی "بۆئەوەی رووداوێك روونەدات، وریایی تا ئەوپەڕی پێویستە. ئەمریكا یارییەكی زۆر مەترسیدار دەكات".  لەبارەی روونكردنەوەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، كە رایگەیاندبوو وڵاتەكەی لەدوای كشانەوە لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە، ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێراندا لەپێناو رێككەوتنێكی نوێدا، محەمەد جەواد زەریف دەڵێت "ئارەزوومەند نین لەگەڵ كەسانێك قسەبكەین، كە لە بەڵێنەكانیان پاشگەزبوونەتەوە. ناتوانیت لەرێگەی هەڕەشەكردن لە هیچ ئێرانییەك بگەیتە هیچ شوێنێك. رێگای دانوستان بە رێزدا تێدەپەڕێت، نەك بە هەڕەشەدا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group