توركیا.. وەبەرهێنەرانی هێلكە بە هۆی هەناردەنەكردنی بۆ عێراق زیانیان بەركەوتووە

17/06/2019 جیهان

نەوا
بەهۆی وەستاندنی هەناردەكردنی هێلكەی توركی بۆ عێراق، نرخی ئەو بەرووبوومە پەلەوەرییە لە بازاڕەكانی ناوخۆی توركیا لەسەدا 90 دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
لە وڵاتی توركیا هێلكە لەسەدا 90 لەنرخەكەی دابەزی، لەئێستادا تەبەقێك هێلكە لە ماركێتەكانی ئەو وڵاتە بە 5 لیرە (یەك دۆلار) دەفرۆشرێت. ئەمەش لەكاتێكدایە كە عێراق هاوردەكردنی هێلكەی توركی راگرتووە.
لەو بارەوە ئیبراهیم ئافیۆن، سەرۆكی یەكێتیی ناوەندیی بەرهەمهێنانی هێلكە لە توركیا، رایگەیاندووە: "250 بارهەڵگر كە دەكاتە نزیكەی 100 ملیۆن هێلكە كە ئێستا ناتواندرێت رەوانەی عێراق بكرێت لە بازاڕەكانی ناوخۆدا ساغدەكرێتەوە. لەكاتێكدا بازاڕی ناوخۆ زۆر بە ئاستەم توانیبووی هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو رابگرێت، ئەم خستنەڕووە بۆتە هۆی زیانی لەسەدا 50 لە بەرهەمهێنەرانی هێلكە. هەر هێلكەیەك دەستمایەكەی 36 قوروشە. تەنها ژمارەی ئەو هێلكانەی كە پێویستە رۆژانە بنێردرێتە عێڕاق و ناتوانین بینێرین 15 ملیۆنە، لەو كاتەوەی قەدەغەی خراوەتە سەر لە لایەن عێراقەوە تا ئێستا 600 ملیۆن هێلكە لەنێوخۆدا زیادەیە و سەرجەم هاوسەنگیەكانی هەموو كەرتەكانی ژێرەو ژوور كردووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group