كۆتا ئاگاداركردنەوە دەدرێتە نانەواخانە و سەمونخانەكانی سلێمانی

17/08/2019

نەوا
قائیمقامیەتی سلێمانی دوامۆڵەت بە نانەواخانە و سەمونخانەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری گۆڕینی زەرفی نایلۆن بۆ كیسی كاغەز دەدات و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش دەڵێت "سبەینێ (یەكشەممە) كۆتا ئاگاداركردنەوەیان پێدەدەن".
لەوبارەیەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە كۆتا ئاگاداركردنەوە دەدەن بە نانەواخانەو سەمونخانەكان بۆ بەكارهێنانی كیسی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن.
دەشڵێت "دوای ئەو وادەیە مۆڵەتی یەك هەفتە دەدەن بە نانەواخانەو سەمونخانەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، لە حاڵەتی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەشدا سزا دەدرێن".
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رونیشیكردوەتەوە، زیاتر لە 850 نانەواخانە و سەمونخانە لە سنوری سلێمانی ئاگاداركراونەتەوە بۆ بەكارهێنانی كیسی كاغەز و لەم هەفتەیەدا كارگەی دروستكردنی كیسەكان سەردانی نانەواخانەو سەمونخانەكان دەكات بۆ رونكردنەوەی چۆنێتی بەرهەمهێنان و گەیاندنی كیسە كاغەزەكان بەو شوێنانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group