بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری: توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی قێزەوەنترین تاوانەكانیان دژی ژنان ئەنجامداوە

26/11/2019

نەوا
بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا دوپاتیدەكاتەوە، توركیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی، قێزەوەنترین تاوانەكانیان دژی ژنان ئەنجامداوە و هاوشێوەی تاوانەكانی داعش و بەرەی نوسڕەن.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانیی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان، بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە "توركیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی، كە پێشتر ئەندامی داعش و بەرەی نوسڕە بون، قێزەوەنترین تاوان و پێشێلكارییان دژی ژنان لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە".
دوپاتیشیكردوەتەوە، توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی لەو ناوچانەی داگیریانكردوە دوبارە سیناریۆكانی داعش دوبارە دەكەنەوە، تەواوی توڕەیی و رەگەزپەرستییان دژی ژنان هەڵڕشتوە، ئەویش بە دووبارە سەپاندنەوەی جلوبەرگ و كلتوری داعش و رێگریكردن لە كاركردن و هاتنەدەرەوەی ژنان، جگە لە كوشتن و رفاندنیان لەو ناوچانەی داگیریانكردوە.
بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر تاوانەكانی دژبە "هەڤرین خەلەف، ئەمارە و بارین كۆبانێ" بە نمونە دەهێنێتەوە، كە تاوانەكانی توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی چەند هاوشێوەی تاوانەكانی داعش و نوسڕەن.
لەكۆتایی بەیاننامەكەیدا بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر دەشڵێت "ئەو تاوانانە وامانلێدەكات پێكەوە لەگەڵ رێكخراوەكانی ژنان لە تەواوی جیهان كاربكەین بۆ گەیاندنی تاوان و پێشێلكارییەكانی توركیا و هێزە هاوپەیمانەكانی بە دادگای نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لێیان".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group