دڵشاد شەهاب: قسەكانی ئەمڕۆی گۆڕان و یەكێتی دڵخۆشكەربون

26/11/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەچو، كە تێیدا دۆخی ناوخۆی هەرێم و عیراق تاووتوێ كرا.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد و پاش كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەكە، سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یان كرد و لەبارەی كۆبونەوەكانیش، دڵشاد شەهاب راوێژكاری سەرۆكی هەرێم بۆ رۆژنامەنوسان وتی "مەبەستی سەرەكیی سەردانەكە بۆلای گۆڕان و یەكێتی ئەوەیە، كە سەرۆكایەتیی هەرێم بەرنامەی یەكڕیزی و یەكخستن و یەكگوتاریی لایەنە سیاسییەكانی دەستپێكردوە، پێشتر لە سەرۆكایەتیی هەرێم لایەنە سیاسییەكان كۆبونەوە و هەنگاوی باش نراون و بڕیاری باشی تێدا دراون، كە جێگەی چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستان بێت".
دڵشاد شەهاب راشیگەیاند "خەڵكی كوردستان لەم دۆخەی كوردستان و عیراق بەتایبەتی، چاوەڕوانی یەكگوتاری لە لایەنە سیاسییەكان دەكات، سەرۆكایەتیی هەرێمیش دەستی داوەتە ئەو ئەركە و خۆشبەختانە وەڵامدانەوەیەكی باش لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە، ئەمڕۆش قسەكانی هەریەك لە گۆڕان و یەكێتی دڵخۆشكەر بون و لەگەڵ ئەوەدان تواناكان یەكبخرێن و پاڵپشتیی پەیوەندیی باشی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدان بە یەكگوتاری بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group