سائیرون: عیراق نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا لەدەستبدات

19/01/2020 عێراق

نەوا
ئیئتیلافی سائیرون جەختدەكاتەوە، عیراق نایەوێت ببێتە سەكۆی هێرشكردنەسەر هیچ دەوڵەتێكی دیكە، هەروەك نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و هەر دەوڵەتێكی تری جیهان تێكبچێت.
ریاز مەسعودی پەرلەمانتاری ئیئتیلافی سائیرون لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دوپاتیدەكاتەوە، ئەمریكا سور نابێت لەسەر مانەوە لەسەر خاكی عیراق بەبێ‌ رەزامەندیی بەغدا و بەبێ بونی لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكومەتدا، حكومەتیش ئەوە بەباشی دەزانێت، بەڵام بڕیاری پەرلەمان و هەڵوێستە سیاسییەكانیش زۆر بەئاشكرا ئەوە روندەكەنەوە، كە گرنگە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا رێكبخرێنەوە.
وتیشی "دەمانەوێت بەسوربونەوە و بەپێی بەرژەوەندیی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ هەمواندا بكەین بەبێ‌ ئەوەی هیچ دەوڵەتێك لەسەر حسابی دەوڵەتێكی دیكە گرنگی پێبدرێت، تەنها بە گوێرەی مامەڵكردنی لەگەڵ عیراقدا نەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، عیراق لەگەڵ 40 بۆ 50 دەوڵەت پەیوەندی هەیە لەنێوانیشیاندا ئەمریكا، بەڵام لەم قۆناغەدا پێیانوایە بونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق مەترسی لەسەر بڕیاری سیاسیی عیراقی دروستدەكات، بڕیاری ئەمریكاش بۆ مامەڵەكردن وەك دەوڵەتێكی باڵادەست بەسەر عیراقەوە پێشتر تێپەڕیوە، بەڵام چیتر تێناپەڕێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group