به‌شیر حه‌داد: عه‌للاوی ده‌یه‌وێت خۆی وه‌زیره‌كانی كورد دیاری بكات

18/02/2020 عێراق

نه‌وا
به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق دوپاتیكرده‌وه‌، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی ده‌یه‌وێت خۆی وه‌زیره‌ كورده‌كانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی دیاری بكات و داوای كاندیدی سه‌ربه‌خۆ ده‌كات، له‌كاتێكدا خۆی سه‌ربه‌خۆ نییه‌. ره‌تیشیكرده‌وه‌ هیچ گرفتێك له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمدا هه‌بێت.
به‌شیر حه‌داد له‌میانی به‌شدارییكردنی له‌ گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نه‌وادا رایگه‌یاند، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق دیه‌وێت خۆی وه‌زیره‌كانی كورد دیاریبكات و كوردیش نه‌زانێت كێی دیاری كردوه‌، به‌ڵام كورد ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه‌.
وتیشی "ده‌كرا عه‌للاوی هه‌ندێك پێوه‌ری دیاریبكردایه‌ بۆ كاندیده‌كانی و كورد له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ند كاندیدێكی پێشكه‌شبكردایه‌ بۆ دیاریكردنیان، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت خۆی كاندید دیاریبكات و سه‌ربه‌خۆبن، له‌كاتێكدا ناوبراو خۆی سه‌ربه‌خۆ نییه‌ و دیاره‌ چه‌ند هێزێكی شیعی پشتگیریی ده‌كه‌ن و دیارییانكردوه‌".
به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق قسه‌شی له‌باره‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌گه‌ری نه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌ عیراقه‌وه‌ كرد و دوپاتیكرده‌وه‌، عیراق بایی ئه‌وه‌نده‌ یه‌ده‌گی پاره‌ و زێڕی هه‌یه‌ كه‌ گرفتی بۆ دروست نه‌بێت و وڵاته‌كه‌ به‌دۆخی له‌وه‌ خراپتریشدا رۆیشتوه‌، به‌ڵام پێدانی موچه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوه‌.
به‌شیر حه‌داد دڵنیاییشی دا، كه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ی عیراق، به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان پارێزراوه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group