دەوڵەتی یاسا: كەمكردنەوەی موچە بێ دەستكاریكردنی یاسا پێشلكردنی دەستورە

28/05/2020 عێراق

نەوا
فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا سەر بە نوری مالكی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەكات موچەی فەرمانبەران كەمنەكاتەوە و دەڵێت، كەمكردنەوەی موچە بەبێ دەستكاریكردنی یاسا، پێشلكردنی دەستوری عیراقە.
دوای ئەوەی دەنگۆی هەوڵی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عیراق لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە زیاتر بووە و بۆی هەیە بەغدا ناچار بێت بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی، هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت، فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، موچە تاكە داهاتی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی عێراقە، بەتایبەتی ئەو فەرمانبەرانەی لە ئاستی پلەنزم و مامناوەنددان، بۆیە ئەركی حكومەتە بە جدی كاربكات بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران بەتەواوەتی دابین بكات.
فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا دوپاتیدەكاتەوە، كەمكردنەوەی موچە یاخود دەرماڵە زیانی بۆ فەرمانبەرانی پلەنزم دەبێت، كە بۆ دابینكردنی ژیانی، پشت بە موچەی مانگانە دەبەستێت، بۆیە نابێت حكومەت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببات، ئەمە جگە لەوەی یاسای خزمەتی مەدەنیی عێراقی هەموو فەرمانبەرێك دەپارێزێت لە هەر كەمكردنەوەیەكی موچەكەی، بۆیە بەبێ هەمواركردنی یاساكە، ئەو كارە پێشێلكردنی دەستورە.
لە دوایین لێدواندا تایبەت بە ئەگەری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، د. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبو، ئەگەر بڕیار لە دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران بدرێت، ئەوا تەنیا دەرماڵەكان دەگرێتەوە و دەست بۆ موچەی بنەڕەتی نابردرێت، لەگەڵ ئەوەی كەمترین موچەش لە 500 هەزار دینار كەمترنابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group