عالیه‌ نوسێف هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانى به‌غدا له‌لایه‌ن شاندی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

29/06/2020 عێراق

نه‌وا
بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتو شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بچێته‌وه‌ به‌غدا، په‌رله‌مانتارێكی عیراقیش ده‌ڵێت "شاندی كوردى مه‌رجه‌كانى به‌غدایان ره‌تكرده‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر، له‌به‌رئه‌وه‌ى مه‌رجه‌كان مافه‌كانى باشور و باكورى ده‌سته‌به‌ركردبو".
ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عیراق له‌لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاشكرایكرد، هه‌فته‌ى داهاتوو شانده‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ عالیه‌ نوسێف له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا باسى له‌وه‌كردوه‌، لایه‌نى حكومه‌تى عیراق هه‌نگاوى نیشتمانى دادپه‌روه‌رانه‌یان ناوه‌ له‌ گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ شاندی كوردستان، كه‌ سه‌ردانى به‌غدایان كرد، حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌رێگه‌ى ئه‌و مه‌رجانه‌ى بۆ لایه‌نى كوردى داناوه‌ سه‌لماندى پشتگیرى مافه‌كانى گه‌لى عیراق له‌ باكوره‌وه‌ تا باشور ده‌كات.
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تى ناوه‌ندى مافى خۆیه‌تى داوا له‌ هه‌رێمى كوردستان بكات سه‌رجه‌م داهاته‌كانى هه‌رێم وه‌ك نه‌وتى و باج و داهاته‌كانى دیكه‌شی راده‌ست بكرێت و له‌به‌رانبه‌ردا مانگانه‌ 453 ملیار دینار بداته‌ هه‌رێم، هه‌روه‌ها مافى خۆیه‌تى داواى هه‌موو نه‌وتى به‌رهه‌مهێنراو بكات له‌ هه‌رێم و رێژه‌ى هه‌رێم له‌ داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان ته‌نها 50% بێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى ئیئتیلافى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌شڵێت "ئه‌و خاڵانه‌ مافى گه‌لى عیراق له‌ باكوره‌وه‌ تا باشور ده‌پارێزێت و كۆتایى به‌ مه‌ینه‌تى گه‌لى كوردمان ده‌هێنێت له‌ دواكه‌وتنى موچه‌ و سنورێكیش بۆ دزه‌پێكردنى نه‌وت داده‌نێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خاڵانه‌ به‌دڵى كورد نه‌بون و ره‌تیانكرده‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر به‌بێ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ش له‌ گفتوگۆكان زوو یاخود دره‌نگ هه‌ر ده‌بوایه‌ رویبدایه‌ ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌دیهێنانى دادپه‌روه‌رى له‌ دابه‌شكردنى سه‌روه‌ت و سامانى وڵاتدا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group