هاتوچۆی گشتی ژمارەی ئۆتۆمبێلی لە عیراق راگەیاند

15/05/2022 عێراق

بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عیراق ژمارەی ئۆتۆمبێلی لە وڵاتدا راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد كە 30 ساڵە شەقامەكان وەك خۆیانن.
لیوا تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عیراق لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: لەدوای ساڵی 2003ـەوە بەردەوام هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل زیاد دەكات ئەمەش بۆتە هۆكاری قەرەباڵغی سەر شەقامەكان لە پارێزگاكاندا لەكاتێكدا ماوەی 30 ساڵە رێگاوبانەكان وەك خۆیانن و پەرەیان پێنەدراوە كە ئەمە جێی شەرمەزارییە.
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عیراق وتیشی: 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل هاوردەی عیراق كراوە جگە لە هەرێمی كوردستان، شۆفێر لێپرسراوێتییەكی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە پەیوەندی شەقام و ئۆتۆمبێل و شۆفێر سێگۆشەیەكە زامنی پاراستنی شۆفێرو موڵكی گشتی دەكات.
ئاماژەی بەوەشكردوە پۆلیسی هاتوچۆ تەنها ئەركی رێكخستنی هاتوچۆی لەسەر شان نییە، بەڵكو ئەركێكی تریشی لەسەر شانە كە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تریشەوە هەیە وەك پاراستنی باری بارهەڵگرەكان لە رێگاوبانە گشتییەكان و گواستنەوەی تایبەت و چەندی بەڕێوەبەرایەتی تر. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group