توركیا.. لە سەر دۆسیەی مردنی 23 كۆچبەر، 11 كەس دەستگیركران

19/10/2018 جیهان
لێكۆڵینەوەكان لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی 23 كۆچبەری نایاسایی لە ئیزمیر بەردەوامن و پۆلیسی ئەوشارە 11 كەسی لە پەیوەندی بە رووداوەكەوە دەستگیركردووە. 
دوای ئەوەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماریی لە شارۆچكەی مەندەرەس، دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی 23 كەس لە ئەنجامی وەرگەڕانی بارهەڵگرێك لە ئیزمیر كە كۆچبەرانی نایاسایی هەڵگرتبوو، رۆژی پێنجشەممە هێزەكانی پۆلیسی ئەوشارە 11 كەسیان دەستگیركرد، كە بەشێكیان قاچاخچین.  
رۆژی یەكشەممەی رابردوو 14-10-2018 لەسەر رێگەی سەرەكیی پارێزگاكانی ئایدن-ئیزمیر، لە نزیك شارۆچكەی مەندەرەس، بارهەڵگرێك كە بەكابینەیەكی داخراو دەیان كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، وەرگەڕا و كەوتە كەناڵێكی زێراب بەناوی دەیرمەنچای لەژێر پردێكی هاتووچۆ، بەهۆیەوە 23 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا، كە لەنێویاندا منداڵیش هەن، 12 كۆچبەری دیكەش برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group