"لە ناوچە كێشە لەسەرەكان گەنجانی كورد پەنا بۆ شۆڕش دەبەن"

10/12/2018

نەوا
پەرلەمانتارێكی پارتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران حكومەتی ئێستای عیراق بە لاوازترین حكومەت ناودەبات و دەڵێت: "هەموو كەس و لایەنێك دەتوانێت كاریگەری بكاتە سەر بڕیارەكانی سەرۆك وەزیران"، سەبارەت بە رەوشی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانیش هۆشداری دەدات و پێی وایە ئەگەر رەوشەكە ئاسایی نەكرێتەوە، گەنجانی كورد لەو ناوچانە پەنا بۆ شۆڕش دەبەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئەمنیەكانی بەردەم كابینیە نوێی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی وتی: "زۆر كەس لە حزبەكان و خەڵكی كوردستان ئومێدیان لەسەر ئەو پیاوە هەڵچنیوە، بەڵام من پێم وایە كابینەكەی لاوازترین حكومەت دەبێت، بەو پێیەی كابینەكانی پێشوو، لایەنی بەهێز لە پشتیان بوو، بەڵام عادل عەبدولمەهدی هەموو كەسێك خۆی بەوە دەزانێت كە رۆڵی هەبووە لەدانانی".
وتیشی: "بەو پێیەی لە هەموو لایەكەوە فشار لەسەر سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكرێت و هەموولایەك ئەو بە قەرزاری خۆیان دەزانن، زۆر دژوار دەبێت لە بواری كارگێڕی و ئەمنیدا بتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت، هەرچەند هیوادارم كە پێشبینی من هەڵە بێت، بەڵام ئەمە راستیەكە كە هەموو كەسێك كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی لە داهاتوودا دادەنێت".
سەبارەت بە رەوشی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانیش ئاماژەی بەو هەوڵانە كرد كە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكەیان لە ئارادان و هۆشداریشیدا لە مانەوەی دۆخەكە وەك ئێستا وتی: "پێم وایە سیاسەتەكانی حكومەتی عیراق لە ناوچە جێناكۆكەكان بەردەوام دەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بۆ ئاسایی كردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە لە گفتوگۆداین و لە قۆناغی هەنگاوی پراكتیكی نزیكبوینەتەوە، بەڵام ئەگەر رەوشەكە لە كەركوك و ناوچەكانی تر ئاسایی نەكرێتەوە، نەك وەك پێشتر كە خەڵكی حەویجە و رەشاد و ریاز "لە رێگەی پاڵپشتیان لە گروپە توندڕەوەكان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی"، ئەمجارە گەنجانی كورد ئەگەر پەنا بۆ تیرۆر نەبەن، پەنا بۆ شۆڕش و رزگاربوون لەو ستەمەی بەسەریاندا هاتووە دەبەن".
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران هێمای بە هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی هێزە ئەمنیەكانی عیراق كرد لە گەڕەكێكی كوردنشینی كەركوك كە رۆژی دووشەممە جێبەجێ كرا و لەو رووەوە وتی: "لە گەڕەكی رەحیماوا كە ماڵ نییە لەوێ قوربانی تیرۆر نەبووبێت، یان لە سەردەمی بەعس خەڵكیان لێ لەسێدارە نەدرابێت یان پێشمەرگەی نەبووبێت، كەچی حكومەت و دەزگا ئەمنیەكانی عیراق لە بری ئەوەی بچنە ئەو گەڕەكانەی سەرچاوەی بیری توندڕەوین وەك واحد حوزەیران، لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لەو گەڕەكە كوردنشینە دەستپێكردووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group