پەرلەمان متمانەی بەخشییە ژمارەیەك وەزیر

18/12/2018 عێراق

نەوا
پەرلەمانی عیراق متمانەی بە چەند وەزیرێك بەخشی و بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكانیشەوە، پەرلەمان نەیتوانی دەنگ بە كاندیدانی ژمارەیەك وەزارەتی دیكە بدات.
وەك بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 18ـی كانوونی یەكەمی 2018، پەرلەمانی عیراق كۆبووەوە بۆ دەنگدان بە كاندیدانی ئەو هەشت وەزارەتەی حكومەتی عیراق كە بەبێ وەزیر مابوونەوە. بەڵام بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكانەوە، پەرلەمان نەیتوانی پۆستی هەر هەشت وەزارەتەكە یەكلایی بكاتەوە.
لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا قوسەی سوهێل وەك وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەنگی پێدرا. نوری دلێمی كرا بە وەزیری پلاندانان و عەبدولئەمیر حەمدانی كە كاندیدی وەزارەتی رۆشنبیری بوو، دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا و بوو بە وەزیری رۆشنبیری.
ناكۆكیی نێوان فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان، وایكرد كە لایەنەكان لەسەر كاندیدانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و كۆچ و كۆچبەران نەگەن بە رێككەوتن. جگە لەوەش بەهۆی كێشەی نێوان لایەنەكان، پەرلەمان نەیتوانی دەنگ بە كاندیدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بدات. هەروەها بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتییەوە، پەرلەمان نەیتوانی دەنگ بە كاندیدی وەزارەتی داد بدات.
هەر لە ئەنجامی ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەسەر كاندیدانی ژمارەیەك لە وەزارەتەكان، بەشێك لە پەرلەمانتاران هۆڵی كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت. پەرلەمانیش دانیشتنەكەی بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخست.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group