هەڵسوڕاوێكی گۆڕان: مەرجی نییە هەر هێزێك ئۆپۆزسیۆن بووبێت خزمەتی خەڵكی كردبێت

12/01/2019

 

هەڵوسڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، سەرچاوەی زۆربەی كێشەكان نەبونی دەستورە لە هەرێمی كوردستان و باس لەوەشدەكات: مەرج نییە هەر هێزێك ئوپۆزسیۆن بووبێت خزمەتی خەڵكی كردبێت.
لە دیبەیتێكدا كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، كاردۆ محەمەد هەڵسوڕاوی گۆڕان و ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی كوردستان وتی، سەرچاوەی زۆربەی كێشەكان نەبوونی دەستورە لەهەرێمی كوردستان، هیچ گەلێك نیە كە شۆرش و ڕاپەڕینی كردبێت بیری لە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی نەكردبێتەوە كە ئەویش دەستورە، ئێمە ئەو گرێبەستەمان نیە، لە كاتێكدا بنچینەكانی نیشتیمانیمان نیە، یاسامان نیە سەروەربێت  دامەزاراوەمان نیە  ئەمانە هەمووی قەیران و گرفتن.
لەبارەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان ئەو هەڵسوڕاوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، زۆركات ئۆپۆزسیۆن بوون لە هەرێمی كوردستان بەپیرۆز دەكرێت لەكاتێكدا مەرج نیە هەر هێزێك ئۆپۆزسیۆن بێت خزمەتی خەڵكی كردبێت، یان هەموو دەسەڵاتێكیش نەفرەت لێكراو بێت.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەگەر یاسا سەروەربێت و حكومەت حكومەتی هاوڵاتی بێت و خزمەت بكات، دەستور هەبێت ئەوا پێم وایە دەكرێ ئەوانە لەچوارچێوەیەك قسەی لەسەر بكەین، هەر هێزێك دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بێت پێوەرمان ئەوەبێت چەندە لەقازانجی میللەتەكەیە و راستگۆ و بە پەرۆشە بۆ بەڵێنەكانی هەڵبژاردن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group