سەنتەری میترۆ: كۆتوبەنكردنی چالاكی مەدەنی لە هەڵكشانە

12/01/2019

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی رەخنە لە دەستبەسەركردنی ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی دەگرێت لە سلێمانی و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی دەستبەسەركراوانیش دەكات.
لە راگەیەنراوێكدا بە ناونیشانی " كۆتوبەنكردنی چالاكی مەدەنی لە هەڵكشانە"سەنتەری میترۆ بۆداكۆكی لە رۆژنامەنوسان باسی لەوەكردووە: بە نیگەرانییەوە چاودێری ئەو هەڵمەتە دەكات كە بە شێوەیەكی فراوان لە شارەكانی سلێمانی‌و كەلارو قەڵادزێ دەستیپێكردوە، دەیان چالاكوانی مەدەنی‌و هەڵسوڕاوی سیاسی دەسبەسەركراون، هەندێكیان بە كەفالەت ئازادكراون‌و ئەوانی تر جارێ دەسبەسەرن. راشیگەیاندووە: هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەدا هەڵدەكوتنە سەر هەر چالاكییەكی مەدنی كە پەیوەندیدارە بەو هێزانەی دژایەتی حكومەتی توركیا دەكەن، خۆپیشاندان‌و گربونەوەی لەو چالاكوانانە قەدەغەكردوە، تا كار گەیشتە داخستنی هۆڵی سینما سالم لە شاری سلێمانی.
هەر لەو راگەیەنراوەدا هاتووە: رەفتاری سەركوتكردنی چالاكی مەدەنی لە شوێنێكی وەك پاركی ئازادی و "سەكۆی ئازاد" كە بیرۆكەی مام جەلال بوو بۆ فراوانكردنی پانتایی رەخنەگرتن تا دەگاتە "جوێندان بە خۆی"، هەموو ئەوانەی كە رۆژانە باس لە "رێبازی مام" دەكەن، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی.
سەنتەری میترۆ راشیگەیاندووە: فەرز كردنی كۆت‌و بەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت، داواش دەكات دەسبەجێ دەسبەسەركراوەكان بە بێ مەرج ئازاد بكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group