گەشتوگوزاری سلێمانی: جوانیەكەی جاران بۆ سەرچنار دەگەڕێنینەوە

12/02/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی وەك دەستپێكی كارەكانی دیداری گەشتیاری، هەڵمەتی ناشتنی ژمارەیەك نەمامی لەشاڕێی سەرچنار ئەنجامدا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 12-2-2019 بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بەهاوكاری سەرجەم كارمەندەكانی 300 نەمامیان لە شاڕێی سەرچنار ناشت و لەوبارەیەوە ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیەكە بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەو هەڵمەتی نەمام ناشتنە وەك دەستپێكی كارەكانی دیداری نێرگزی گەشتیاریە و لەچەند رۆژی داهاتودا كارەكانی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وتیشی "وەك پێشوازییەك لە وەرزی بەهار، 300 نەماممان لەسەر شاڕێی سەرچنار ناشت، دەمانەوێت ئەو پەیامە دوپاتبكەینەوە، كە گەشتوگوزار و سروشت دووانەیەكی لێك دانەبڕاون".
سەبارەت بە رەخنەكانی هاووڵاتیانیش لە خزمەتگوزاریی شوێنە گەشتیارییەكان، عەلی رەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بەرادیۆ نەوای وت "ئێمەش دەزانین كەمتەرخەمی و كەموكوڕی هەیە و مەبەستمانە لە 2019دا بە هاوكاری حكومەت و كەرتی تایبەت بودجەی بۆ دابنرێت، ئێستاش پلانی تەواومان هەیە و چاوەڕێی حكومەتین تا پەرەیەكی باش بدەین بە كەرتی گەشتیاری لەسنوری شاری سلێمانیدا".
رونیشیكردەوە، بە ئومێدین لە ساڵی 2019 دا رسوماتی سەر هۆتێلەكان كەمبكرێتەوە تا هاندانێك بێت بۆ هۆتێلەكان و كاری باشتر بكەن، لەسەرچنارەوە دەستپێدەكەن تا جوانیەكەی بگەڕێننەوە بۆ پێشتر و هەوڵی جوانكردن و باشتركردنی شوێنە گشتییەكانیش دەدەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group