قەبارەی هاوردەكردنی كاڵا لە توركیا و ئێرانەوە بۆ هەرێم ئاشكرا دەكرێت

12/02/2019

 

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی رایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا قەبارەی هاوردەكردنی كاڵا لە توركیاوە بۆ هەرێم 10 ملیار دۆلاربووە و لە ئێرانیشەوە شەش ملیار دۆلار بووە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو كاڵا و پێداویستییانەی لە رێگەی مەرزەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا و ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستانەوە 75 لەسەدیان بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق و 25 لەسەدیشی بۆ بەكاربردنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە.
ڕاشیگەیاند "بە شێوەیەكی گشتی ئەو كاڵایانەی دێتە هەرێمی كوردستانەوە رێژەی 52 لەسەدی لە رێگەی توركیاوە دێن كە ئەویش لە رێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیل-ەوەیە، هەروەها رێژەی 48 لەسەدی كاڵاكانی دیكەش لە رێگەی مەرزەكانی ئێرانەوە دێنە هەرێم و عێراقەوە".
ڕوونیشیكردووەتەوە، ئێستا ئێران دەیەوێت مەرزەكانی تەوێڵە و سەیران بەن و كێلێ بكرێن بە مەرزی رەسمی بۆ ئەوەی كاڵایەكی زیاتر لە ئێرانەوە بێتە نێو هەرێمی كوردستان و عێراقەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group