نێچیرڤان بارزانی: یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری بە گۆڕان داوە

15/03/2019

 

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی رایگەیاند، یەكێتی پێی وایە گۆڕان پۆستی زیاتری پێدراوە، دەشڵێت: بەم نزیكانە حكومەتی نوێی هەرێم پێكدێت.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە، دۆخی ناو یەكێتی ئاڵۆزبووە و دروستبوونی چەند باڵێك لەناو ئەو حزبەدا گرفتی بۆ دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی دروستكردووە.
جێگری سەرۆكی پارتی باسی لەوەشدەكات، لەگەڵ یەكێتی لەسەر چوارچێوەی كاری پێكەوەیی رێككەوتوون.
ڕوونیشیكردووە، لە ئێستادا شەڕەكە لەناو یەكێتیدایە سەبارەت بەوەی كێ چ پۆستێك وەردەگرێت. 
راشیگەیاند:یەكێتی پێی وایە پارتی پۆستی زۆری بە گۆڕان داوە و یەكێتی شایەنی زیاترە، بەڵام بە دڵنیاییەوە، یەكێتی وەكو هاوپەیمانێك دەمێنێتەوە و بەم نزیكانەش حكومەت پێكدەهێنین.

لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پەیوەندیەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ رایگەیاند: پەیوەندییەكانی ئێستامان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لەوەی جاران. وتیشی لە پاش ریفراندۆم ماوەیەكی سەختمان تێپەڕاند، رەنگە یەكێك لە سەختترین ئەو ماوانە بووبێ كە لە ساڵی 1991ەوە پێیدا رۆیشتووین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group