لە كوشتارگەی نوێی سلێمانییەوە هۆشداری لە بونی نەخۆشییەك دەدرێت

25/03/2019

نەوا
لە كوشتارگەی نوێی سلێمانییەوە هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدرێت لە بونی نەخۆشییەك، كە لە گۆشتەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ.
لەوبارەیەوە د.شاڵاو عارف رەشید لێپرسراوی ستافی پزیشكی كوشتارگەی نوێی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەم مانگەدا ئەو نەخۆشییە بەشێوەیەكی دیار زیادی كردوە و هەر لەم مانگەدا چوار تۆن گۆشت بەو هۆكارەوە لەكوشتارگەكەدا سوتێنراوە.


وتیشی "هاووڵاتی ئاسایی شارەزایی لەبارەی نەخۆشیەكە و نیشانەكانی و زیانە تەندروستیەكانی نییە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی لێپرسراوی ستافی پزیشكی كوشتارگەی نوێی سلێمانی، رەشەوڵاخ تەنها خانەخوێیە بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشییە، كە ئەویش كرمێكە و لەزانستی پزیشكیدا بە  taenia saginata ناسراوە و كۆئەندامی هەرسی مرۆڤ دەكاتە ئامانج.


لەبارەی نیشانەكانیشی، رونیكردەوە، كە لاوازی، رشانەوە، سكچون لە مرۆڤدا دەردەكەوێت و درێژی كرمەكەش تا پێنج مەتر دەگات و مرۆڤ گیرۆدە دەكات.
ئەو كرمە لەگۆشتی رەشەوڵاخی هەڵگردا وەك دەنكە برنجێكی بچوكی سپی دەردەكەوێت و لەم وەرزەدا بەشێوەیەكی فراوان بڵاودەبێتەوە، بۆیە دەبێت هاووڵاتیان لە كڕینی گۆشتێك دوربكەونەوە، كە پشكنینی تەندروستی بۆ نەكرابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group