بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی سەردانەكەی بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، بڕیارە چاوشئۆغلو سەردانی شارەكانی هەولێر و بەسڕە و بەغدا بكات و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتەكە و پێشهاتەكانی ئەم دوایەی ناوچەكە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ بكات.
ئاماژەش بەوەكراوە، لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر چاوشئۆغلو لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بە وردی گفتوگۆ دەكات دەربارەی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە.
بڕیارە چاوشئۆغلو لەسەردانەكەیدا چاوی بە محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق بكەوێت و تاوتوێی پێدانی قەرزێكی پێنج ملیار دۆلاری بە عێراق بكرێت كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە خەرجدەكرێت.
هەروەها لە سەردانەكەیدا بۆ بەسڕە، وەزیری دەرەوەی توركیا بەشداری ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لەو پارێزگایە دەكات.