داوادەكرێت پرسی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە دادگا یەكلایی بكرێتەوە

14/05/2019 عێراق
رووداوەكانی 16 ی ئۆكۆتبەری 2017
بە واژۆی 100 كەسایەتی
بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی 16 ی ئۆكۆتبەری 2017، بە واژۆی 100 چالاكوان و رۆژنامەنوس، داواكاریەك ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی هەرێم دەكرێت.
لە یاداشتەكەدا هاتووە، حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بوون لە لێكۆڵینەوەی جدی سەبارەت بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كە تیایدا كەركوكیەكان زەرەرمەندی یەكەم بوون و تاكو ئێستاش رۆژانە باجەكەی دەدەنەوە.
راشیگەیاندووە، ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی هەرێم وەكو باڵاترین دەسەڵاتی قەزایی و یاسایی لە هەرێمی كوردستان، ئەو پرسە ببەنە دادگاو لیژنەیەكی باڵا پێكبێنن و رووداوەكانی ئەو رۆژەو پێشتری بخەنە بەردەم دادگا، تاكو راستی رووداوەكان و نهێنییەكانی و هۆكار و بكەرەكانی بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان بە گشتی و كەركوكییەكان بەتایبەتی، روون بێتەوە.
رۆژی سێشەممەش هەریەك لە شوان داودی، پەرلەمانتناری پێشووی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و رۆژنامەنووس عەبدولرەحمان حاجی بەكر، لە شاری هەولێر یادداشتی ئەو 100 كەسایەتیەیان گەیاندە بەنگین قاسم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و ئازاد خۆشناو سەرۆكی داواكاری گشتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group